ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداد لەسەر هەناردەی نەوت بەردەوامە

گڕی کێڵگەیەکی نەوت لە کەرکوک. فۆتۆ: AP
گڕی کێڵگەیەکی نەوت لە کەرکوک. فۆتۆ: AP

کەمبوونەوەی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغداد، لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا نەبووە هۆی رێککەوتنی کۆتایی، بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتى هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، هێشتا جیاوازیی گەورە لە نێوان کۆمپانیاکان و بەغداد هەیە، لەسەر گرێبەستە نەوتییەکانی کوردستان، وەزارەتى نەوتى عێراق رژدە لەسەر تەرخانکردنى شەش دۆلار تێچوو بۆ دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، هەرێمی کوردستان دەیەوێت هەموو گرێبەستە نەوتییەکان پێکەوە چارەسەربکرێن، وەزارەتی نەوتی عێراقیش دەیەوێت، هەر گرێبەستێک بەجیا چارەسەربکرێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشى، بەغداد بە کۆمپانیا نەوتییەکانى هەرێمى کوردستانی راگەیاندووە، لەکاتى ئەنجامدانى گرێبەستى نوێ، هیچ بڕگەیەک نییە ئاماژە بە قەرزەکانى پێشوو بکات، وەکو ئەوەى هەرێمى کوردستان داواى دەکات.

عەدنان جابری، ئەندامی لیژنەی نەوت و ‌گاز، لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، هەردوو وەزارەتەكانی نەوتی عێراق و سامانە سروشتیەكانی هەرێم لەسەر ئەوە رێككەوتوون لایەنێكی راوێژكاریی پێداوچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم بكات.

کەناڵ8 ئەوەى زانیوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان داواى لە کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە، لەم دۆخەی ئێستادا بەردەوام بن، تاوەکو حکومەتى هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغداد لەسەر پاکتاوى قەرزى کۆمپانیاکان دەگەنە رێککەوتن.

دوای ساڵێک و سێ مانگ لە دانوستانی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی، بەغدا هێشتا پێداگریی لەسەر یەکەم پێشنیازی خۆی دەکات، بۆ نوێکردنەوەى گرێبەستى دەرهێنان و بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان، وەکو ئەوەى لە بودجەی 2023 و خشتە پەسەندکراوەکانی بودجەی 2024دا هاتووە.