کەناڵ8 هۆکارى دواکەوتنى مووچەى فەرمانبەران بۆ مانگى تەمووز ئاشکرا دەکات

دیناری عێراقی فۆتۆ: حەمەسوور- کەناڵ8
دیناری عێراقی فۆتۆ: حەمەسوور- کەناڵ8

کەناڵ8 لە زاری سەرچاوەیەکى باڵا لە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە هۆکارى دواکەوتنى لیستى مووچەى فەرمانبەران بۆ مانگى تەمووز ئاشکرا دەکات و بەگوێرەی زانیارییەکان، جیاوازى لە لیستى بایۆمەترى و لیستى مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستاندا هەیە.

سەرچاوەیەکى باڵا لە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی گوت، وەزارەتى دارایی عێراق وردبینى لە لیستى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان لە مانگى ئازارەوە دەستپێکردووە، بەراووردى دەکەن لەگەڵ بایۆمەتریى فەرمانبەراندا.

گوتیشی، "لیژنەکەى وەزارەتى دارایی عێراق وردبینیى مانگەکانى ئازار، نیسان و تەمووزی تەواو کردووە، کە جیاوازییەکى زۆر لەنێوانیاندا هەبووە، هێشتا مانگەکانى ئایار و حوزەیرانیش ماون وردبینییان تێدا بکرێت".

سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی گوت، "71 هەزار خانەنشینیى سەربازى و 18 هەزار مووچەخۆرى وارسى شەهیدان، ناویان لە لیستى مووچەى هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام بایۆمەترییان نییە، ئەوەش کێشەى گەورەى دروستکردووە لەبەردەم خەرجکردنى مووچە بۆ مانگى تەمموز لەلایەن بەغدادەوە.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، جیاوازیى مووچەى مانگى تەمووز لەگەڵ مانگەکانى پێش خۆی کە وردبینییان بۆ کراوە، 41  ملیار دینارە، بەغداد هەڵوێستەى لەسەر کردووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی بڕیاریداوە ناردنی ئەو بڕە پارەیە دوابخات تاوەکو ئەو کاتەی لیستەکان پشتڕاستدەکرێنەوە و ئامادە نییە پارە بخاتە سەر هەژمارى بانکیى وەزارەتى دارایی هەرێمی کوردستان، پرۆسەکەش ئەگەر هەیە هەفتەیەک بخایەنێت، پاش ئەوە پارەی مووچە رەوانە دەکرێت.