وەزیرى رۆشنبیرى بۆ کەناڵ8: ئەو کەناڵانەى داخراون بەهۆى نەبوون یاخود بەسەرچوونى مۆڵەتەوە بووە
وەزارەتى رۆشنبیریى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پەخشى ژمارەیەک کەناڵ لە ئامێرە ناوخۆییەکان رادەگرێت و هۆکارەکەشى بۆ نەبوونى مۆڵەت دەگەڕێنێتەوە، لەبەرامبەردا کەناڵى سپێدەى زمانحاڵى یەکگرتووى ئیسلامى کە لەناو کەناڵەکاندایە رەخنە لە بڕیارەکە دەگرێت.
ئەمرۆ چوارشەممە ژمارەیەک کەناڵ لەناویاندا سپێدە و سپێدە دراما و ئێن ئاڕتى چوار، بڵاویانکردەوە کە بە بڕیارى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەخشەکەیان لە ئامێرە لۆکاڵییەکان بەبیانووى نەبوونى مۆڵەت راگیراوە.
لەو بارەیەوە، حەمەى حەمە سەعید، وەزیرى رۆشنبیریى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى گوت، "ئەو کەناڵانەى داخراون، بەهۆى نەبوونى مۆڵەت یاخود بەسەرچوونى مۆڵەتەوە بووە، چەند جارێکیش ئاگادارکراونەتەوە کە بێن بەدەم نوێکردنەوەى مۆڵەت یاخود دەرهێنانى مۆڵەت و پاکتاوى قەرزە و باجەکانیان بکەن، بەڵام کەمتەرخەمبوون و بە دەم داواکارییەکەى وەزارەتەوە نەهاتوون".
گوتیشى، "هەرکات هاوشێوەى کەناڵەکانى دیکە رێکارە یاساییەکان مۆڵەتەکانیان تەواوکرد دەتوانن دەست بە پەخشەکانیان بکەنەوە".
لەبەرامبەردا كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده، لە رونکردنەوەیەدا ئاماژەى بەوەکردووە، به‌بێ هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پێشوه‌خته و بوونی كات و ساتێكی دیاریكراو، پەخشى كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده و كه‌ناڵی سپێده دراما، له ناوخۆییەکان راگیراوە.
کەناڵى سپێدە راشیگەیاندووە، ئه‌م بڕیاره كه له‌ژێر ناوی نه‌بوونی مۆڵه‌تدا دراوه "به‌شێكه له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی كه كابینه‌ی نۆیه‌می ماوه‌به‌سه‌رچوو ده‌یكات به‌رامبه‌ر ده‌نگ و ره‌نگی میدیای ئۆپۆزسیۆن و ره‌خنه‌گر له‌هه‌رێمی كوردستان".
ئاماژەى بەوەکردووە، کەناڵى سپێده ماوه‌ی 15 ساڵه په‌خشی به‌رده‌وامه و مۆڵه‌تی له ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق هه‌یه و مۆڵه‌تی له هه‌رێمیشدا پێشكه‌شكردووه.
لایخۆیەوە رادیۆ و تەلەفزیۆنى نالیا بڵاویکردەوە، "پارتی پەخشی کەناڵی ئێن ئاڕ تی چواری ئایینی لە ئامێرە ناوخۆییەکانی سنووری هەولێر راگرتووە"، بەبێ ئەوەى روونکردنەوەى زیاتر بدات.
لەسەر ئەم بابەتە وه‌زاره‌تی رۆشنبیری روونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، داوایان له كۆمپانیاكانی بواری په‌خشكردن كردووه، نابێت هیچ كه‌ناڵێكی ناوخۆیی به‌بێ مۆڵه‌ت په‌خش بكاته‌وه، هه‌ر كه‌ناڵێك راگیرابێت دیاره مۆڵه‌تی نییه یاخود مۆڵه‌تی نه‌بووه، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌ناڵێك مۆڵه‌تی هه‌یه و گرفتی یاسایی نییه و گرفتی بۆ دروستبووه په‌یوه‌ندی به‌وه‌زاره‌ته‌كه‌یانه‌وه بكات.
بەگوێرەى رونکردنەوەکە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه به‌رپرسه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی په‌خشكردنه‌وه بۆ ئەوەى كێشه‌ی کەناڵەکان چاره‌سه‌ر بكات.
لە هەرێمى کوردستان چوار کۆمپانیاى پەخشى ناوخۆیى هەن، ئەوانیش میکس میدیا، میکس نێت، ئاى ستار، ئێچ دى بۆکس.

14/08/2024