پێشبینی دەکرێت ئۆپن ئەی ئای پرۆژەی ژیریی دەستکردی نوێ رابگەیەنێت

لۆگۆی ئۆپن ئەی ئای
لۆگۆی ئۆپن ئەی ئای

بەگوێرەی پێشبینی پسپۆڕانی تەکنەلۆجی، رەنگە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لەم هەفتەیەدا پەردە لەسەر مۆدێلێکی نوێی ژیریی دەستکرد لابدات بەناوی پرۆجێکت ستراوبێری، یاخود پڕۆژەی شلیک.

دەنگۆکان لەدوای ئەوەدێن کە سام ئاڵتمان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وێنەی ئینجانەیەک شلیکی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی حەزم لە هاوینە لە باخەکەدا.

ئەمەش بووەتە جێی باس و خواس کە پۆستەکەی ئاڵتمان ئاماژەیە بۆ وەشانی نوێی ژیریی دەستکرد.

بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پرۆجێکت ستراوبێری دەتوانێت توانای ژیریی دەستکرد بەرز بکاتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە ئاڵۆزەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ، کە ئەگەری هەیە شۆڕشێک لە بوارەکانی وەک چاودێری تەندروستیی، دارایی و توێژینەوەی زانستیدا بکات. هەروەها ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی پێشنیاری زیرەکتر بۆ بەکارهێنەران لەکاتی گەشت و رێنمایی تەندروستی و دارایی کەسی.

سەرەڕای ئەگەری بڵاوبوونەوەی پرۆجێکتەکە بەڵام هێشتا بەروونی دیار نییە کە ئایا ستاروبێری وەشانێکی نوێ دەبێت بۆ جی پی تی 4 یاخوود دەبێتە مۆدێلێکی نوێی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای.