دۆناڵد ترەمپ: کۆچبەرانی نایاسایی دەنێرمەوە بۆ وڵاتەکانیان
دۆناڵد ترەمپ، بەڵێنیدا، ئەگەر بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێت، کۆچبەرە نایاساییەکان دیپۆرتى وڵاتەکانیان دەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نیوجرسی بەڵێنیدا، ئەگەر بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێت، کۆچبەرە نایاساییەکان بگەڕێنێتەوە وڵاتەکانیان
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، کامالا هاریس رێگەی 20 ملیۆن کۆچبەری نایاسایی داوە بێنە ناو ئەمریکا و هەلی کاریان بە سێ ملیۆن کۆچبەری نایاسایی بەخشییوە، ئەم سیاسەتەش، هۆکار بووە کە ملیۆنان کەس لە ئەمریکا بەدەست هەژارییەوە بناڵێنن.
دۆناڵد ترەمپ، ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرکەوت، پاسەوانی نیشتمانی و تەنانەت سوپاش بۆ دەرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بەکاردەهێنێت.
بەگوێرەی راپرسییەکیش کەلەلایەن کۆمپانیای توێژینەوەی "YouGov" ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە لە 62%ی ئەمریکییەکان پشتگیری لە دیپۆرتکردنەوەی سەرجەم کۆچبەرە نایاساییەکان دەکەن لە ئەمریکا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا ریکۆردێکی نوێی کۆچبەری نایاسایی بەخۆیەوە بینی، بەرپرسانی سنوورەکان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا 302 هەزار کۆچبەرى نایاسایییان تۆمارکردووە، کە زۆرترین ژمارەیە لە ماوەی یەک مانگدا. جگە لەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی لە کۆچبەرانی نایاسایی تۆمارکراون بەدرێژایی ئەو سێ ساڵەی کە جۆ بایدن فەرمانڕەوایی ئەمریکای کردووە.
16/08/2024