بەڕێوبەری پێشووی کارەکانی گوگوش لە ئەمریکا کوژرا

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە لە شاری گلێندەیلی باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیا کەسێک لەبەردەم ناوەندێکی بازرگانی تەقەی لێکرا و کوژرا. 

بەپێی زانیارییەکان، ئەوکەسە ناوی رۆبەرت دهنوشییە و بەڕێوەبەری پێشووی کارەکان و کۆنسێرتەکانی گۆرانیبێژی ئێرانی گوگوش بووە. دواین کاری رۆبەرت دهنوشی لەگەڵ گوگوشدا لە بەهاری ئەمساڵدا بووە، کە زنجیرەیەک کۆنسێرتی سەرکەوتووی لە شارەکانی ئەوروپا رێکخستبوو.

 پۆلیسی گلێندەیل بە میدیا ئەمریکییەکانی راگەیاندووە، ناتوانن ناسنامەی قوربانییەکە پشتڕاست بکەنەوە، چونکە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، هاوکات هیچ تۆمەتبارێک پەیوەند بە روداوەکە دەستنیشان نەکراوە و دەستگیر نەکراوە. هێندە زانراوە تەقەکەرە ماتۆڕسکیلسوارێک بووە. بەپێی هەواڵێکی کەناڵی CBS، قوربانییەکە راستەوخۆ لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە و هۆکاری کوشتنەکەی نادیارە.