چۆن ئێكسپرێشینزم لە هونەری شێوەکارییەوە ئاوێتەی موزیک بوو؟
ئێكسپرێشینزم یەكێكە لە قوتابخانە هونەرەییەكانی مۆدێرنە، كە دەیەوێت بەتێكشكاندنی فۆڕمەكان، بە پەیامی زیادەرۆی ئامێز (مبالغە)، دیوی راستی ناشرینی و نا پەسەندی بەیان بكات.
بناغەی ئەم شێوازە لەسەر بنەمای ئەو بڕوایە بوو، كە ئیدی پێویستە هونەرمەند هەستی راستەقینەی خۆی بەیان بكات، ئەگەر جیهان ناشرین و نەفرەتیە، پێویستە ئەو خاڵە بەشێوەیەكی بێڕتوش و بێ روپۆشکردن گوزارشتی لێ بكات، نابێت خۆی بە بیر و باوەڕ و فەرمایشتە كۆنەكان ببەستێتەوە، كە زیاتر کاریان رەتوشكردن و پەنهان كردنی ناشرینیەكانەی ژیانە. ئەم بیرە لە پێش جەنگی جیهانی یەكەمەوە لە هەندێک لەو نوسراوانەی کە دەربارەی هونەری بینراون دەركەوتووە، بەڵام زۆر بە زووی پەلی بۆ: هۆنراوە، ڕۆمان، شانۆ، سینەما و موزیك هاویشتووە و زیاتر پەرەیسەندووە. پێشینەی شێوە شكێنی لە هونەری شێوەكاریدا بۆ هیرونیموس، ماتیاس گرونوالد Matthia Grünewald (سەدەی پانزەهەمەم) و دمنیكوس تئوتوكوپولوس ئێلگركو (El Greco) (سەدەی شانزەهەم) دەگەڕێتەوە.
پەیامی ڤان کۆخ لە شاکاری بەردەمی قاوەخانە لەشەودا چی بوو؟
(ڤان کوخ)ی شێوەكاری (پۆست – ئەمپرێشنیست) لە كۆتایی سەدەی نۆزدەم بە پێشڕەو (ئاڤانگارد)ی رێچکەشکێنی و فۆرمشکێنی لە هونەری شێوەکاریدا دادەنرێت. ئەو بە هێڵە لەرزۆكەكان و ڕەنگی توند و زیادەڕۆی كارەكانیدا، وەك یەكێك لە پێشڕەوانی ئێكسپرێشینزم هەژماردەكرێت. ئەو خۆی دەربارەی تابلۆی (بەردەمی قاوەخانە لە شەودا – Café Terrace at Night) نوسیبووی: (ئەم كارەی بەیانكردنی ئەو پەیامەیە، کە قاوەخانە لە شەودا چ شوێنێکە! چۆن دەتوانێت مرۆڤ لە نێوانێک دابنێت، بەرەو شێتی یان بەرەو تاوانکاری بەرێت).

تابلۆی (بەردەمی قاوەخانە لە شەودا – Café Terrace at Night)
دوا بە دوای ئەو (ئیدوارد مونش)ی نەرویجی لە تابلۆی (هاوار- The Scream) لە 1893 دا بە شێوەیەکی ئاگاهانەی هونەری ئێكسپرێشینزمی بەرجەستەی کرد بوو. تابلۆی (هاوار) یەکێکە لە ژمارەیەک تابلۆی (مونش) بە ناونیشانی (چێوەنەقشی ژیان – Frieze of life The)، بابەتەکانی نێو ئەم کۆمەڵە تابلۆیە گوزارشتن لە چەپاندنی سێکسی، تەنهایی، لەخود بێگانەی و نەفرەت لە ژیان کردنە.

تابلۆی (هاوار- The Scream) لە 1893
بەشێوەیەکی گشتی لە ئەڵمانیادا دوو گروپی جیاواز بە سەردەستەی هونەری ئێكسپرێشینزمی خۆیان دەناساند.
گروپی یەکەم: بە ناوی (پرد – die brücke ) کە لە ساڵی 1905 سەریانهەڵدا. ئەم گروپە خۆیان بە دوژمنی ریالیست و شێوازە کۆنەکان دەناساند و کارەکانی خۆشیان بە (پردی بەرەو هونەری ئایندە) ناودەبرد. کارەکانی ئەم گروپە بە شێوەکاری سادە، بە هێڵی زبر و رەنگی توند تایبەتمەندبوون و پێی دەناسرانەوە.
گروپی دووەم: سوارچاکی شین (die blauer reiter) خۆیان ناساند، کە پێشرەوانی ئەم گروپە، ڤاسیلی کاندینسکی و فرانز مارک بوون. ئەوانیش بە بەکارهێنانی رەنگی شین لەکارەکانیاندا دەناسرانەوە. گەرچی سوارچاکانی شین بە زووی کۆتاییان بە رەوتەکەیان هێنا، بەڵام کاندنسکی بەردەوامی دا بە رەوتی (سوارچاکانی شین)دا، بە هۆی نزیکی لە شۆنبێرگی موزیکدانەری ئەڵمانییەوە، کارەکانی ئەو بە سەر زۆرێک لە نۆت و بەرگی بڵاوکراوەکانی ئارنۆڵد شۆنبیرگ دەبینرێت.
دەتوانرێت بگوترێت: ئێكسپرێشینزم لە ئەنجامی ئەو نائومیدی رۆحییەی دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە دنیای هونەردا هاتۆتەگۆرێ، لەکاتێکدا کە کوشتار، بیماری، هەژاری و تەنهایی وێنەی دۆزەخیان لە سەر زەوی نەخشاند بوو. هەر کاریگەری ئەم وێنانە بوو، لە کاری شێوەکاران، موزسیانان، هونەرمەندانی و شاعیرانی ئەو سەردەمەدا رەنگی داوەتەوە.
شیوازی ئێكسپرێشینزم لە موزیکی جیهانیدا دەتوانیت بگوتریت نیشانەکانی هەستکردن بە دەرکەوتنی ئێکسپرشیونیزم زیاتر لەنێو دانراوە موزیکییەکانی سەردەمی ( نو- رۆمانتیک)دا دەبینرێت.
بۆ نموونە زۆرێک لەو نیشانانە لە سیمفۆنییەکانی گۆستاف مالەر دەدرۆزێتەوە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی شونبێرگ بە (ئاڤانگارد)ی ئەم رەوتە دادەنرێت. گەرچی ئەو لە سەرەتادا وەک ژەنیاری ڤایۆلین سەرقاڵی کاری موزیک بوو، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: پاش هەشت ساڵ لە ژەنینی ئامێری ڤایۆلین بڕیارمدا ئیدی کاری موزیکدانان بکەم”. ئەو بۆ یەکەمجار یەکەمین پەیامی ئیکسپرشیونیزمی خۆی لە شاکاری شەوی نادیار (Verklärte Nacht) دا بەرجەستە کرد.

بەرگی شاکاری شەوی نادیار (Verklärte Nacht )
شونبیرگ لەم کارەیدا فۆرم تێکشکینی خۆی، بە (نا دیاری و نا ڕۆشنی لە هارمۆنیدانان)دا گوزارشتی ئێكسپرێشینزمی خۆی ئاراستە کرد بوو. ئەویش بە رەها بوون و دورکەوتنەوە لە تۆنالیتەی کۆن، یان بە کودەتاکردن لە هارمۆنیدانانە باوەکاندا، موزیکی پۆست تۆنال، ئەزمونی ئەتۆنال، داوزدە تۆنی و سریالی لە دنیای موزیکدا چەسپاند. باری ناهەموار، نەناسراو و نا هاوسەنگی دەرونی کە یەکێک لە سیماکانی شانۆی ئێكسپرێشینزمی بوو، هەر بۆیە هەمان شێواز و سیمایانە لە کۆتا (ئۆپێرای شۆنبیرگ)دا دەبینرێت. نامۆی لە هارمۆنی یەکێکە لە تایبەتمەندی و رەگەزە سەرەکییەکانی موزیکی شۆنبیرگ، بەڵام شێوازە لە گۆرانیچرین (گوتن) لە شاکارەکانیدا زۆر نوێ بوو، بۆیە لە لەلایەن تیۆرەزانە کۆنەکانەکانەوە ڕەتدەکرایەوە.
ئۆپیرای وتسیک 1917 شاکاری ئەلبان بیرگ (خوێندکاری شۆنبیرگ)ە، بە یەکێک لە دیارترین نموونەی ئۆپێرای ئێكسپرێشینزم دادەنرێت. ئەو بە هاوبەشی نمایشنامەی وتسیک (1836) لە نوسینی کارل جۆرج بوخنر ئەم شاکارەی داناوە، کە باس لە چیرۆکێکی تراژیدی سەربازێک دەکات، کە لەلایەن (ماری) هاوسەریەوە پەیمانشکێنی لەگەڵ دەکرێت. بەمە نا ئومید و نا ئارام دەبێت. ئەم کارە بە شیوازیکی ئێكسپرێشینزمی و زمانێکی توند و تیژی موزیک و نواندن، پەیوەندییە مرۆییەکانی ئەو رۆژگارە دەخاتەڕوو.
هەروەها دوو ئۆپێرای ریتچارد شتراوس (سالومە و ئەلکترا) بە نموونەی دیکەی ئۆپیرای ئێكسپرێشینزمی هەژماردەکرێن. پاشان هەمان ئەم ژانرا و شیوازە موزیکییە دێتە نێو بواری موزیکی فیلمی سینەمای (بێ ووشە، دەنگ)، بە نموونە (کابینەی دکتۆر کالیگیری The Cabinet of Dr. Caligari (1920) )، دەرهێنانی (رۆبەرت وینە) و موزیکی لە لایەن (پیتر شیرمان) دانراوە،بە یەکێک لە دیارترین موزیکی فیلم دادەنرێت کە بە شێوازی ئێكسپرێشینزمی نوسراوە. بەشێوەیەکی گشتی هونەرمەندانی ئێكسپرێشینزمی کاریان ئەوە بوو، بە گفتوگۆکردن بە زمان و ئاکتی هونەری، بەدبەختییەکانی ژیانی مۆدێرنە بخەنەروو. بەرجەستەکردنی ئەو نائومیدی و ناهەموارییانەی، کە لە ئەنجامی جەنگ و ماڵوێرانی و لایەنە نەرینیەکانی مۆدیرنە کەهاتبوونە بوون، هەموو ئەمانە ناسنامە (Identity)ی قوتابخانەی ئێكسپرێشینزمی و ئەو رۆژگارە بوون .
16/08/2024