وێنەکانی ژیریی دەستکردی گرۆک لە ئێکس دەنگدانەوەی لێدەکەوێتەوە
تایبەتمەندییەکی دروستکردنی وێنەی ژیریی دەستکردی گرۆک کە تایبەتەبە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە خاوەندارێتی دەکرێت دەنگدانەوەی لێدەکەوێتەوە، وەک رکابەری ئامرازە پێشکەوتوەکانی مید جۆرنی و داڵ ئی سەیردەکرێت.
دەنگدانەوەی بڵاوبونەوەی ئەم ئامرازە دوای ئەوە دێت، چەندین وێنەی جیاواز و جۆراو جۆری دروستکردووە، لە نێویاندا وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا کاردانەوەی زۆری لێکەوتۆتەوە و شارەزایان دەڵێن چاتبۆتەکە بەبێ هەبوونی هیچ سنوورێک هەرچییەکت بوێت بۆت بەرهەمدەهێنێت، تەنانەت ئەگەر وێنەکان نەشیاویش بن.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئەم تایبەتمەندیەی ژیریی دەستکردی گرۆک، لەلایەن کۆمپانیای (ئێکس ئەی ئای) ئیلۆن مەسک خۆیەوە دروست نەکراوە، بەڵکو لەلایەن تاقیگەی (بلاک فۆرێست)ی ئەڵمانییەوە دروستکراوە و پەرەی پێدراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە رووی کوالیتی وێنەوە، مۆدێلەکە باشترە لە رکابەرەکانی وەک مید جۆرنی و داڵ ئی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، هەروەها پلانیاشیان هەیە لە داهاتوودا مۆدێلێکی تایبەت بە دروستکردنی ڤیدیۆ لە رێگەی دەقەوە پەرەپێبدەن.
16/08/2024