قوباد تاڵەبانی: هاوڵاتییان لە ئەدای هەر بەڕێوەبەرایەتییەک ناڕازیبن گۆڕانکاریی دەکرێت

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە بەرپرسانی ئیداری قەزای سەیدسادق دەکات هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن بۆ راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییان و دەڵێت: هاوڵاتییان لە ئەدای هەر بەڕێوەبەرایەتییەک ناڕازیبن گۆڕانکاری لە پۆستەکەیدا دەکرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، قوباد تاڵەبانی، سەردانی قەزای سەیدسادقی کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری قەزاکە بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری درا لە ماوەیەکی نزیکدا.

ئاماژە بەوەشکراوە، جێگری سەرۆکوەزیران لە کەموکوڕییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان و کێشە خزمەتگوزارییەکانی ئەو ناوچەیەی کۆڵییەوە و لە دوای گوێگرتن لە کێشە و کەموکوڕییەکان، بڕیاردرا لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر خزمەتی هاوڵاتییان بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سەبارەت بە کێشە خزمەتگوزارییەکانیش، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری درا لە ماوەیەکی نزیکدا. هەروەها بڕیار لەسەر دروستکردنی سەنتەرێکی ئۆتیزم لە قەزاکە درا".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی ئیداری قەزای سەیدسادق کرد، هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن بۆ راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییان و رایگەیاند، رەزامەندی هاوڵاتییان مەرجی سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی هەر بەڕێوەبەرێک لە پۆستەکەیدا و هەر کاتێک هەست بکرێت هاوڵاتییان لە ئەدای بەڕێوەبەرایەتییەک رازی نین، گۆڕانکاری پێویست دەکرێت.