لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانان داواى روونکردنەوە لە وەزارەتى دەرەوەى عێراق دەکرێت

دوو سەربازی ئەمریکی لە باشوری موسڵ، فۆتۆ: AP
دوو سەربازی ئەمریکی لە باشوری موسڵ، فۆتۆ: AP

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، داواى روونکردنەوە لە وەزارەتى دەرەوە دەکات.

سەبارە بە راگەیەندراوى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لەسەر دواخستنى دانوستانەکانى بەغداد - واشنتن بۆ کۆتایهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانان لە عێراق، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنى نوێنەران ڕایگەیاند، ئاگاداری راگرتنى دانوستانەکانى بەغداد - واشنتن نین، لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن، کە ئایا حکومەتی سودانی زانیاری هەیە لەسەر بەیاننامەکەى وەزارەتى دەرەوە یاخود نا.

عەلى حسین، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى رایگەیاند، لیژنەکەیان لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئایا وەزارەتی دەرەوە دیدگای حکومەتی دەربڕیوە یان دیدگای خۆی گەیاندووە، دەشڵێت، ئەنجوومەنی نوێنەران رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ خێراکردنی پرۆسەى کۆتاییهاتنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوە بە ڕاگرتنی دانوستانەکانی عێراق و ئەمریکا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئامادەبوون ھێزەکانى هاوپەیمانان، بە پاساوى بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە، ناڕەزاى بەشێک لە فراکسیۆنە عێراقییەکانى ناو ئەنجوومەنى نوێنەرانى لێکەوتەوە.