پسپۆڕێک: هەموو مریشكێکی نەخۆش زیانی بۆ مرۆڤ نییە
ماوەیەکە نەخۆشییەک بەناوی نیوکاسڵ لەناو کێلگە پەلەوەرییەکاندا بڵاوبووەتەوە و زیانێکی زۆری گەیاندووە بە خاوەن کێڵگەکان. لە هەندێک کێڵگەدا زیاتر لە نیوەی مریشکەکان مرداربوونەتەوە. بۆ بەدواداچوون بۆ مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، هەروەها وەرگرتنی زانیاریی ورد لەسەر نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون، کەناڵ8 گفتوگۆی لەگەڵ پسپۆڕێکی نەخۆشییە گوازراوەکاندا کردووە.
د. عوسمان جەمال، پسپۆڕی نەخۆشییە درمییەکانی ئاژەڵان بە کەناڵ8ـی گوت: "ئەمە شتێکی نوێ نییە و ساڵانە لەناو پەلەوەردا نەخۆشی بڵاودەبێتەوە. نەخۆشییەکان زیاتر ڤایرۆسین، بۆیە دەکرێت خێرا گۆڕانکارییان بەسەردا بێت"
سەبارەت بە ترسی هاونیشتمانییان لە مەترسیی خواردنی مریشكی کێڵگە پەلەوەرییەکان، پسپۆڕەکە گوتی: "زۆرینەی نەخۆشییەکان، بەتایبەت نیوکاسڵ کە ئێستا بڵاوە، یان ناگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ، یان ئەگەر بگوازرێنەوە هیچ زیانێکیان نییە. بۆیە هاونیشتمانییان پێویست ناکات لە خواردنی مریشک بترسن، چونکە ڤایرۆسەکان بە گەرمی لەناودەچن"
یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی لەناوبردنی ڤایرۆس و بەکتریاکان گەرمییە. ئەمەیە کە وایکردووە مرۆڤ هەموو جۆرە گۆشتێک بە یەکێک لە رێگەکان گەرمبکات، جا کوڵاندن، برژاندن یان سوورکردنەوە بێت. هەر جۆرێکیش لە خۆراک پێویستی بە پلەیەکی گەرمیی دیاریکراوە بۆئەوەی لە ڤایرۆس و بەکتریاکان پاکببێتەوە. سەبارەت بەو پلە گەرمییەی کە وادەکات ڤایرۆسی نیوکاسڵ و ڤایرۆسە هاوشێوەکانی لەناوبچن، پسپۆڕەکە گوتی "لێنانی مریشک پێویستی بە شێوازێکی زۆر تایبەت نییە، هەر ئەو شێوازەی کە لە هەموو ماڵەکاندا پەیڕەودەکرێت، یارمەتیی لەناوبردنی ڤایرۆس و بەکتریاکان دەدات"
دەبێت هاونیشتمانییان ئاگەداربن کە ئەمە هەموو نەخۆشییەکان ناگرێتەوە، بۆنموونە ئەنفلۆنزای باڵندە دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و زیانێکی زۆر بە جەستەی کەسەکە بگەیەنێت.
جگە لە نەخۆشیی نیوکاسڵ، ئێستا لە جیهاندا نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون ترسێکی زۆری دروستکردووە. هەندێکەس باس لەوە دەکەن کە دەکرێت پەتایەکی هاوشێوەی کۆرۆنا بڵاوببێتەوە.
د. عوسمان جەمال، سەبارەت بە نەخۆشییەکە گوتی "تەندروستیی جیهانی تاوەکو راددەیەک پەلەیکرد لەوەی باری لەناکاو رابگەیەنێت. ئاوڵەی مەیموون تا ئەو ئاستە مەترسیی نییە کە باسدەکرێت"
چەند جۆری ئاوڵە هەن؟
پسپۆڕەکەی نەخۆشییە درمییەکان گوتی"جۆری ئاوڵە زۆرن. ئاوڵەی مەڕ و بزن، ئاوڵەی مانگا، ئاوڵەی پەلەوەر و هەروەها ئاوڵەی مرۆڤیش. ئەم جۆرانە، لە پاڵ ئاوڵەی مەیمووندا، هەر هەبوون و سەرچاوەکەیان ڤایرۆسی سروشتییە"
لەناو ئەم جۆرانەی ئاوڵەدا، ئاوڵەی مەیموون تاوەکو چەند مەترسیدارە؟
"یەکێک لە باشییەکانی ئاوڵەی مەیموون ئەوەیە کە بۆماوە ماددەکەی وەکو هی کۆرۆنا نییە، واتە بەخێرایی گۆڕانکاری تێدا روونادات. ئەمەش وایکردووە مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئاسان بێت و بتوانرێت رێگری لێبکرێت"
چۆن رێگری لێدەکرێت؟
د. جەمال عوسمان بە کەناڵ8ـی گوت: "ئێستا چەند جۆرێکی ڤاکسین دژی نەخۆشییەکە هەن. بە بۆچوونی من لە کاتی پێویستیدا، دەتوانرێت زۆر بەئاسانی بڕی پێویستی پێکوتە بەرهەمبهێنرێت"
دەکرێت لە ئاژەڵەکانەوە تووشی ئاوڵەی مەیموون ببین؟
جۆرەکانی ئاوڵە زۆرن، هەندێکیان تایبەتن بە ئاژەڵێکی دیاریکراو. هەرچی ئاوڵەی مەیموونە، دەکرێت لە چەند ئاژەڵێکەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەبێ ئەوەی ئاژەڵەکە خۆی هیچ نیشانەیەکی هەبێت.
پزیشکەکە ئاماژەی بەوە دا کە "سمۆرە و جرج، دەکرێت هەڵگری نەخۆشییەکە بن و بیگوازنەوە بۆ مرۆڤ، بەبێئەوەی خۆیان تووشی نەخۆشییەکە ببن و نیشانەیان هەبێت. بۆ ئەمەش، دەبێت لانیکەم بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەبەردەوامی بەرکەوتن لەنێوان ئاژەڵەکە و مرۆڤدا هەبێت"
دەکرێت ئاژەڵە ماڵییەکان تووشی نەخۆشییەکە ببن و بیگوازنەوە؟
د. عوسمان جەمال بە کەناڵ8ـی گوت: تاوەکو ئێستا لە جیهاندا تەنیا دوو حاڵەتی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیموون لەناو ئاژەڵە ماڵییەکاندا تۆمارکراون. بۆیە پێویست ناکات هاونیشتمانییان بترسن"
20/08/2024