نیشانەکانی گەورەبوونی پرۆستات چین؟

پڕۆستات ڕژێنێکەکەوتۆتە ژێر میزەڵدانی پیاوانەوە و دەوری ڕێڕەوی میز دەدات. نەخۆشیی گەورەبوونی پڕۆستات دۆخێکە کە تێیدا ئەم ڕژێنە گەورە دەبێت، بەڵام ئەم گەورەبوونە شێرپەنجەیی نییە.
 چونکە ڕژێنەکە دەوری ڕێڕەوی میز دەدات، زۆرجار ئەم گەورەبوونە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێرەوەکە تەسک ببێتەوە یان دابخرێت؛ یەکێک لە ماکەکانی ئەم نەخۆشییە مانەوەی میزە لە میزەڵداندا، کە بە پاشـمیز ناسراوە.

نیشانەکانی چین؟

  • زۆر میزهاتن.
  • کەسەکە ناتوانێت میز زۆر ڕابگرێت
  • بەقورسی دەتوانێت میز بکات
  • میزەکەی پچڕپچڕ دەبێت
  • توشی میزەچرکە دەبێت
  • شەوان زۆر هەڵدەستێت بۆ میزکردن
  • پاشمیزەی دەبێت
  • لە کاتی میزکردن، یان دوای ئۆرگازم (ڕەحەتبوون)، ئازاری دەبێت
  • ڕەنگ و بۆنی میزەکەی دەگۆڕێت

قورسیی نیشانەکانی گەورەبوونی پڕۆستات پەیوەندیی نییە بەڕێژەی گەورەبوونەکەوە. دەکرێت کەسێک ڕژێنەکەی بەڕادەیەکی زۆر گەورە بووبێت بەڵام نیشانەکانی کەم بن، دەشکرێت کەسێک ڕژێنەکەی کەمێک گەورە بووبێت و توشی نیشانەی قورس ببێت.

کێ توش دەبێت؟

کۆمەڵێک هۆکار هەن کە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشیی گەورەبوونی پڕۆستات زیاد دەکەن؛ لەوانە:

  • تەمەنی ٤٠ ساڵ و بەرەوسەر
  • مێژووی خێزانی پەیوەست بەم نەخۆشییەوە. واتە کەسێک هەبێت لە خێزانەکەدا کە هەمان نەخۆشی هەبووبێت.
  • نەخۆشیی دڵ و بۆرییەکانی خوێن یان شەکرە، ئەم نەخۆشییانە ئەگەری گەورەبوونی پڕۆستات زیاتر دەکەن
  • کەسانی قەڵەو و ئەو کەسانەش کە چالاکی و جووڵەیان کەمە.
  • ئەو کەسانەی کە كێشەی ڕەپبوونی چووکیان هەیە.

ئەو کێشانە چین ڕووبەڕووی کەسێک دەبنەوە کە توشی ئەم نەخۆشییە دەبێت؟

ئەو کەسانەی نەخۆشیی گەورەبوونی پڕۆستاتیان هەیە دەکرێت توشی بەردی گورچیلە، زیانی گورچیلە و میزەڵدان، یان هەوکردنی گورچیلە و میزەڵدان و میزەڕۆ ببن. گرنگە بزانین کە هەڵاوسانی پڕۆستات کێشەیەکی شێرپەنجەیی نییە و ئەگەری ڕوودانی شێرپەنجەی پڕۆستات زیاد ناکات لە کەسەکاندا.

چارەسەر چییە؟

کۆمەڵێک ڕێگە هەن بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە؛ لەوانە: گۆڕینی شێوازی ژیان، دەرمان، نەشتەرگەریی بچووک و نەشتەرگەریی گەورە. ئەم سێ بژاردەیەی کۆتایی بڕیاری پزیشکی پسپۆرە. دوای هەڵسانگاندنی دۆخی نەخۆشەکە و ئەنجامدانی پشکنینی پێویست، بڕیار دەدات کە کام ڕێگەیە باشترە بەراورد بەوانی دیکە. بەڵام گۆڕینی شێوازی ژیان پەیوەستە بە کەسەکە خۆیەوە. ئێمە لێرەدا کۆمەڵێک ڕێنمایی دەخەینە ڕوو بۆ ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە:-

  • کەمکردنەوەی خواردنی شلەمەنی، بەتایبەت بەر لە چوونە جێگای قەرەباڵخ یان بەر لە خەوتن.
  • کەمکردنەوەی کحول و کافایین (کافایین لە خواردنەوەکانی وەکوو چا و قاوەدا هەیە)
  • نابێت بە بێ رێنمایی پزیشکی پسپۆر، دەرمان لە هیچ نۆرینگە و دەرمانخانەیەک وەربگیرێت.
  • راهێنان بۆ فێربوونی راگرتنی میز
  • خواردنی سەوزەوات و خۆراکە ریشاڵییەکان بۆ خۆپاراستن لە قەبزی