کۆمپیوتەرێک بۆ راهێنانی ژیریی دەستکرد لە خانەی مێشک دروستدەکرێت

کۆمپانیایەکی تەکنەلۆجی سویسری، بە سودوەرگرتن لە خانەکانی مێشکی مرۆڤ، کار لەسەر دروستکردنی داهێنانێکی نوێ دەکات، پێیدەگوترێت "کۆمپیوتەری بایۆلۆجیی" کە بۆ راهێنانی ژیریی دەستکرد بەکاردێت و 100 هەزار هێندەی کۆمپیوتەری ئاسایی کاراترە.

فاینەڵسپارک بە سودوەرگرتن لە خانەکانی مێشکی مرۆڤ، توانیویەتی بەمەبەستی راهێنانی ژیرییدەستکرد "کۆمپیوتەری بایۆلۆجی" دروستبکات و بە بڕی تەنیا 500 دۆلار بۆ هەر مانگێک، بە کرێ بیدەن بە کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان.

کۆمپانیاکە بانگەشەی ئەوە دەکات ئەم کۆمپیوتەرە نوێیانە 100 هەزار هێندە لە کۆمپیوتەرە نەریتییەکان بۆ راهێنانی ژیریی دەستکرد کاراترە.

فرێد جۆردن، دامەزرێنەری کۆمپانیای فاینەڵسپارک، دەڵێت، ئەوان تاکە کۆمپانیان کە ئەم  جۆرە کۆمپیەتەرەیان هەیە کە بە سود وەرگرتن لە خانەکانی مێشکی مرۆڤ دروستکراون.

زانایان دەڵێن، ئەم کۆمپیوتەرانە لەسەر بنەمای خانەی مێشک یان ئۆرگانۆیدەکان دروستکراون، دەتوانن تاوەکو 100 رۆژ بژین. ئەمەش واتە دەتوانرێت بۆ چەند مانگێک بۆ راهێنان و ئۆپەراسیۆنەکانی ژیریی دەستکرد بەکاربهێنرێن پێش ئەوەی پێویستیان بە گۆڕین هەبێت.