گەورەبوونی سپڵ چییە و بۆچی مەترسیدارە؟

سپڵ بەشێکی گرنگی کۆئەندامی بەرگرییە
سپڵ بەشێکی گرنگی کۆئەندامی بەرگرییە

سپڵ ئەندامێکی گرنگی جەستەی مرۆڤە کە قەبارەی هێندەی مستەکۆڵەیەک دەبێت. ئەم ئەندامە بەشێکە لە هەریەکە لە کۆئەندامی بەرگری و لیمفە کۆئەندام.

سپڵ کار بۆ پاڵاوتنی خوێن، لابردنی پاشەڕۆکان و بەرهەمهێنانی خڕۆکە سپییەکانی خوێن دەکات، بەم جۆرەش رۆڵێکی کارای لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایانەدا هەیە کە لە جەستەی مرۆڤدا سەرهەڵدەدەن. دەکرێت هەندێک حاڵەت و بارودۆخی نەخوازراو کاریگەری لەسەر ئەم ئەندامەی جەستە دابنێن و لە ئەنجامدا وا بکەن سپڵ بە شێوەیەکی نائاسایی گەورەببێت و هەڵبئاوسێت.

سپڵێکی تەندروست، درێژییەکەی 12 سانتیمە و کێشی نزیکەی 70 گرامە. کاتێک سپڵ تووشی گەورەبوونێکی نائاسایی دەبێت، دەکرێت درێژییەکەی بگاتە زیاد لە 20 سانتیم و کێشیشی بۆ سەرووی 1,000 گرام زیادببێت.

هۆکارەکان

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم گرفتە زۆرن، بەڵام باوترین و گرنگترینیان بریتینلە:

بەکتریا، ڤایرۆس و مشەخۆرەکان: نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی وەک ئەیدز، نەخۆشییە بەکتریاییەکان لە نموونەی سیل، یانیش نەخۆشیی مەلاریا، وەک چۆن لە کاتی سەرهەڵدانیاندا کۆئەندامی بەرگری لە دژیان چالاکدەبێت و سپڵیش بەشێکە لەم کۆئەندامە، بۆیە دەکرێت ئەم جۆرە نەخۆشییانە فشار بخەنە سەر سپڵ بۆ ئەنجامدانی چالاکیی زیاد لە پێویست و لەڕادەبەدەر و لە ئەنجامیشدا گەورەبوونی نائاسایی سپڵی لێبکەوێتەوە.

نەخۆشیی جگەر: نەخۆشییەکانی وەکو بەمۆمبوونی جگەر و هەوکردنی درێژخایەنی جگەر کە دەکرێت بەهۆی ڤایرۆس یان کۆمەڵێک هۆکاری دیکەوە بێنەئاراوە، رەنگە زیادبوونی فشاری نێو ئەو لوولە خوێنانەی بەدوادابێت کە بەنێو جگەر و سپڵدا دەڕۆن، بەجۆرێک دەشێت لە ساتێک لە ساتەکانی ژیاندا گەورەبوونی نائاسایی سپڵی لێبکەوێتەوە.

شێرپەنجە: شێرپەنجەی خوێن و لیمف، دەکرێت زیان بە سپڵ بگەیەنن و ببنەهۆی دروستبوونی گرفت لە سپڵدا.

دژەخۆییە نەخۆشییەکان: پەلاماردانی ناوچەیەکی جەستە لەلایەن کۆئەندامی بەرگریی مرۆڤەوە بە هەڵە، رەنگە هەوکردنێکی درێژخایەنی لێبکەوێتەوە، کە دەکرێت فشاربخاتە سەر سپڵ بۆ زیادبوونی چالاکی و بەشداریی لەڕادەبەدەری لە رووبەڕووبوونەوەی هەوکردنەکەدا، ئەمەش خۆی لەخۆیدا دەکرێت گرفت بۆ سپڵ دروستبکات و بە ئەندازەیەکی نائاسایی گەورەببێت.

کڵۆبوونی خوێن: سەرهەڵدانی ئەم گرفتە لەو لوولە خوێنانەی بەرەو جگەر و سپڵ دەڕۆن، رەنگە گرفت بۆ سپڵ دروستبکات.

نیشانەکان

تێگەیشتن لە گەورەبوونی نائاسایی سپڵ بۆ کەسێک، دەکرێت لەڕێگەی بەدیکردنی ئەم نیشانانەوە بێت:

  • ئازاری بەشی سەرەوەی سنگ، بەڵام بەلای چەپدا
  • لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، یانیش زووتێربوون
  • کاتێک سپڵ زۆر گەورە دەبێتەوە، دەکرێت کەسەکە لە سنگەوە هەست بەم گەورەبوونە بکات

بۆچی ئەم حاڵەتە مەترسییە؟

نابێت نیشانەکانی گەورەبوونی نائاسایی سپڵ پشتگوێبخرێن، چونکە دەشێت چەندین لێکەوتی مەترسیداری بەدوادابێت، بەجۆرێک ئەگەر زۆر درێژە بکێشێت، دەشێت تەقینی سپڵ و خوێنبەربوونی ناوەکی و لە کۆتاییشدا مردنی لێبکەوێتەوە.لەلایەکی دیکەوە، رەنگە بەهۆی تێکچوونی سووڕی خوێنەوە لە سپڵدا، مردنی شانەکانی سپڵ بێتەئاراوە.

چارەسەر

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، کاتێک هۆکاری سەرەکیی پشت گەورەبوونی نائاسایی سپڵ دەستنیشاندەکرێت و پاشانیش چارەسەردەکرێت، بە شێوەیەکی ئاسایی سپڵ دەگەڕێتەوە بۆ قەبارەی بنەڕەتیی خۆی. لە بارودۆخەکانی دیکەدا، دەشێت پشت بە دەرمان، یانیش نەشتەرگەریی لابردنی بەشێکی سپڵ ببەسترێت. دوا بژاردەی بەردەم پسپۆڕان لە چوارچێوەی چارەسەرکردنی ئەم گرفتەدا، پشتبەستنە بە تیشکەچارەسەر، یانیش نەشتەرگەریی لابردنی تەواوی سپڵە.