بزووتنەوەی گۆڕان: پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی پڕناکەینەوە

لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان

بزووتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە کرد "بزووتنەوەی گۆڕان، پشتیوانی هەڵوێستی مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەکات و لەدواى دەستلەکارکێشانەوەى پۆستەکەى پڕ ناکەینەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بزووتنەوەی گۆڕان، پشتیوانی هەڵوێستی مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەکات، کە وەک هەڵوێستیک بەرامبەر بەهەدەردانی موڵک و ماڵی گشتی؛ دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، لەو سۆنگەیەوە پۆستەکەی پڕناکەینەوە و ناوبراویش لەناو گۆڕاندا درێژە بە خەبات بۆ خەمە گشتی و پەروەردەییەکان دەدات".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى گۆڕان "ئەم هەڵوێستەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، خزمەتی چاکەی گشتی دەکات و فشارێکە بە ئاراستەی سنوردانان بۆ دەستدرێژینەکردنە سەر موڵکی دەوڵەت بەشێوەیەکی گشتی و تاپۆکردن و هەرزانفرۆشکردنی (١٨٢) دۆنم زەوی ئامادەیی بەکرەجۆ بەتایبەتی".

دەشڵێت "مایەی هەڵوەستەیە، سەرەڕای بایەخی ئەم کەیسە و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندیی گشتی و دژایەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، بەڵام کاردانەوەکان سنوردارن، هەربۆیە داواکارین رایگشتی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی، مامۆستایان، خوێندکاران و کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران خاوەندارێتی لەم بڕیارە بکەن و کۆدەنگییەک بۆ پاراستنی بینا و ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردە لە چنگی کۆمپانیا و بەرژەوەندییە تایبەتیەکان دروست بکرێت".

رۆژى 19ى ئابى 2024 دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، دەستیلەکارکێشایەوە و لە پەیامێکدا ماڵئاوایی لە مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندانى بەڕێوەبەرایەتییەکەى کرد و سوپاسى هاوکاریى و پشتیوانییەکانی کردن، بۆ سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە لە پارێزگاى سلێمانی.

دڵشاد عومەر، نۆ ساڵ بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى سلێمانیی بوو، مانگى رابردوو رایگەیاند، "ئەگەر بڕیارێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە پێدانى 182دۆنم زەوى ئامادەیی کشتوکاڵى بەکرەجۆ بە کۆمپانیایەک بە مەبەستى دروستکردنى پرۆژەى نیشتەجێبوون، هەڵنەوەشێتەوە، دەستلەکاردەکێشێتەوە".