کەی سەردانی پزیشکی تایبەت بە نەزۆکی بکرێت؟

د. دێراو سەعید، پسپۆڕ لە چارەسەری نەزۆکیی پیاوان و لاوازیی سێکسی
د. دێراو سەعید، پسپۆڕ لە چارەسەری نەزۆکیی پیاوان و لاوازیی سێکسی

د. دێراو سەعید، پسپۆڕ لە چارەسەری نەزۆکیی پیاوان و لاوازیی سێکسی

بە شێوەیەکی گشتی دروستکردنی منداڵ لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی دیکە جیاوازە، بەجۆرێک بەگوێرەی شێوازی ژیان دەگۆڕێت، بۆنموونە ئەگەر خانمێک هاوسەرگیریکردبێت، تەمەنی کەمتر لە 30 ساڵ بێت و بۆ ماوەی یەك ساڵ هەموو مانگێک هەوڵی دروستکردنی منداڵیدا و هیچ ئەنجامێکی نەبوو، یانیش دووگیانبوونەکانی بە لەبارچوون کۆتاییان بێت، لەو کاتەدا، بە دیاریکراوی لە دوای تێپەڕبوونی ساڵەکە، پێویستە لەسەر دوو هاوسەرەکە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی بواری نەزۆکی بکەن، بۆ دەستنشانکردنی هەر کێشە و کەموکورتییەک کە لەلای پیاوەکە یاخود ئافرەتەکەوە بێت.

سەبارەت بەو هاوسەرانەی تەمەنیان لەسەرووی 35 ساڵەوەیە، ئەگەر بۆ ماوەی شەش مانگ هەوڵی دروستکردنی منداڵیاندا، بەبێ پەیڕەوکردنی هیچ رێکارێک لە کاتە دیاریکراوەکاندا بۆ رێگریکردن لە دووگیانی و سەرکەوتوو نەبوو، پێویستە لەسەریان سەردانی پزیشکی نەزۆکی بکەن.

رێنمایی سوودبەخش

باشترین ئەو شتانەی لە ژیانی رۆژانەدا هاوکاریی خێزانەکان دەکەن، بۆ ئەوەی لەڕووی وەچەخستنەوەوە تەندروستبن، بریتینلە وەرزشکردن و خواردنی خۆراکی تەندروست.

گرنگە هەفتانە چوار رۆژ دیاریبکرێت بۆ پیادەڕەوی، بەجۆرێک لە هەر رۆژێكدا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر پیادەڕەویبکرێت، بەڵام بە شێوازێکی کەمێک خێرا. لەلایەکی دیکەوە، پێویستە هاوسەران لە جگەرەکێشان بەدووربن.

ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن شۆفێریدەکەن، بەجۆرێک زیاتر لە 6 بۆ 7 کاتژمێر بخایەنێت، لەو کاتەدا وا باشترە لە پاش هەر کاتژمێرێک بۆ دوو کاتژمێر شۆفێریکردن، نزیکەی 10 بۆ 15 خولەك پشووبدەن. ئەوانەی لە پاڵاوگەی نەوت، کارگەی بۆیاخ، کارگەی پلاستیک، یان لە بەنزینخانەدا کاردەکەن، دەبێت ماسک بکەن.

پەیوەست بەوانەی شوێنی کارکردنیان گەرمە، بۆنموونە ئەوانەی لە نانەواخانە، چێشتخانە، یان هەر شوێنێکی لەم جۆرەدا کاردەکەن، وا باشترە لە شوێنکارەکەدا بەردەوام فێنککەرەوە کاربکات، تاوەکو جەستەی کارمەندەکان پارێزراوبێت و گەرما کاریگەری لەسەر بەشەکانی جەستە و لەنێویشیاندا ئەندامەکانی کۆئەندامی زاوزێ دانەنێت.

مانەوە لە  گەرماوێکی زۆر گەرم یان ساونادا بۆ زیاتر لە نیو کاتژمێر، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کوالێتیی سپێرمەکان دەبێت.

دوا رێنمایی و گرنگترینیان، بریتییەلە رێکخستنی بارستایی لەش و خۆپاراستن لە قەڵەوی.