تەختیی پێ چ کێشەیەک دروستدەکات؟
ژێر پێیەکان بە شێوازێکی سروشتی چەمانەوەیەکی تێدایە و ئەم چەمانەوەیە یارمەتیی راگرتنی هاوسەنگی و دابەشبوونی یەکسانی ئەو فشارە دەدات کە دەکەوێتە سەر جەستە. کاتێک کەسێک ژێر پێیەکانی چەمانەوەی تێدا نییە و تەختە، لەوانەیە فشار بە شێوازێکی نایەکسان و ناتەندروست بچێتە سەر ماسولکەکانی پێی کەسەکە و زیانی پێبگەیەنێت.
هەموو منداڵێک لە کاتی لەدایکبوونیدا پێیەکانی تەختن و ئەو چەمانەوەیەی ژێرپێ لە ماوەکانی تەمەنی شەش ساڵیدا دروستدەبێت. لە 10 کەسدا، نزیکەی 2ـیان تاوەکو کۆتایی تەمەنیان ئەم چەمانەوەیە لە پێیاندا دروستنابێت.
بەشی زۆری کات تەختیی پێ کێشەیەکی ئەوتۆ بۆ کەسەکە دروستناکات، خۆ ئەگەر کێشەش بۆ کەسەکە دروستبکات و تووشی ئازارببێت، کۆمەڵێک چارەسەر بەردەستن.
جۆرەکان
گرفتی تەختیی پێ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، باوترینیان ئەو جۆرەیە کە کەسەکە لە کاتی دانیشتن و راکشاندا هەست بە بوونی چەمانەوە لە ژێر پێیدا دەکات، بەڵام کاتێک لەسەر پێیەکانی دەوەستێت، پێی بە تەواوی تەخت دەردەکەوێت, ئەم جۆرەیان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا خراپتر دەبێت و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژێ و بەستەرەکانی پێ دەبێت.
جۆری دووەمیان گۆڕانی رووکەشی بەسەردا نایەت؛ چ لە کاتی دانیشتن و راکشان، یانیش وەستاندا، کەسەکە ژێر پێی تەخت دەردەکەوێت و هیچ چەمانەوەیەکی تێدا بەدیناکرێت. دووبارە ئەم جۆرەشیان دووبارە لەگەڵ تەمەندا خراپتردەبێت.
هەندێک لە خەڵکی تاوەکو تەمەنێکی دیاریکراو هیچ کێشەیەک لەم بەشەی پێیاندا نییە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەندا چەمانەوەی ژێر پێیان کەمدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە ئەوەی نامێنێت، رەنگە گرفتەکە تەنیا لە یەک پێدا رووبدات، بەڵام ئازارێکی زۆر بە کەسەکە دەگەیەنێت و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەوکردنی ژێیەکانی پێ روودەدات
هۆکارەکان
لە بەشی زۆری حاڵەتەکاندا تەختیی پێ بۆماوەییە، بەڵام کۆمەڵێک هۆکار مەترسیی تووشبوون بەم گرفتە زیاتردەکەن کە گرنگترینیان بریتییەلە:
- قەڵەوی
- شەکرە
- کۆنیشانەی داون
- دووگیانی
- رۆماتیزم
- بەرزەفشاری خوێن
- شکانی ئێسکەکان
چ کاتێک سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بکرێت؟
وەکو باسکرا، زۆرینەی ئەوانەی تەختیی پێیان هەیە، لە ژیانی رۆژانەیاندا تووشی کێشەیەکی ئەوتۆ نابن، لە ئەگەری بوونی ئەم لێکەوتانەدا، دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت:
- تێکچوونی هاوسەنگی
- لاوازی لە پیادەڕەوی و دروستبوونی ئازار لە کاتی رێکردندا
- هەستکردن بە توندبوونی پێ
چارەسەر
لە کاتی بوونی ئازار و توندی لە پێیەکاندا، رەنگە پزیشكی پسپۆڕ دەرمانی تایبەت بۆ چارەخوازەکە بنووسێت. لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا، پێدەچێت ئەنجامدانی نەشتەرگەری پێویستبێت، بۆ چارەکردنی گرفتەکە و رێککردنەوەی ئێسک و ژێیەکان.
رێنماییە پزیشكییەکان بەشێکیان خۆیان دەبیننەوە لە:
- دانانی سەهۆڵ لەسەر قاچەکان لە کاتی تووشبوون بە ئازار و هەوکردندا
- چارەسەری سروشتی بۆ کشان و بەهێزکردنی ژێ و ماسولکەکانی ئەو ناوچەیە و فراوانکردنی توانای جووڵە لە قاچەکاندا
23/08/2024