لێنی رێفنشتال.. دەرهێنەرێک لە سایەی ئاڵای پڕوپاگەندەدا
لێنی رێفنشتال، دڵخوازترین دەرهێنەری سینەمایی هیتلەر، بەرهەمهێنەری سینەمایی و فۆتۆگرافەری بەناوبانگی ئەڵمانی، ڕێکەوتی 22ی ئابی 1902 لەدایکبووە.
لەمیانی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی نازییەکانی ئەڵمانیا، لێنی رێفنشتال ناوبانگی پەیداکردووە و لەڕێگەی لێهاتوویی لە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی کامێرا، هەر زوو سەرنجی سەرانی نازیی ڕاکێشاوە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات بووە بە دڵخوازترین بەرهەمهێنەری فیلمەکان لەلای هیتلەر.

رێفنشتال وەکو خانمێکی بواری بەرهەمهێنان، توانی لەڕێگەی بەڵگەفیلمە پڕ لە پڕوپاگەندەکانەوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و ناوێکی دیار بوو لە ئاستی سینەمای جیهانییدا، ساڵانی 1935 بۆ 1938، بە بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی "Triumph of the Will" و "Olympia" وەرچەرخانێکی گەورەی بۆ سینەمای ئەڵمانیا دروستکرد و ناوبانگەکەی هێندە گەورە بوو، بەرهەمهێنەرە ڕۆژئاواییەکان ستایشیان کرد.
ڕەخنەگرانی فیلم جەخت لەوە دەکەنەوە، ترایەمف ئۆف ویڵ، بەهێزترین فیلمی پروپاگەندەیە لە مێژووی سینەمادا، هاوکات ئۆڵۆمپیادی 1936، هەلێکی زێڕین بوو بۆ دەرخستنی تواناکانی رێفنشتال لە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی سلۆو مەوشن و تراککردنی فیگەر لەناو کامێرادا.

گەرچی پاش کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و سەلماندنی ئەستۆپاکیی رێفنشتال، بەڵام بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکەی بە سەرانی نازیزم و بەدیاریکراوییش ئەدۆڵف هیتلەر، ناوبانگەکەی لەدەستدا و زۆرینە وەکو دەرهێنەرێکی نەخوازراو لێیان ڕوانیوە.
لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، رێفنشتال ژیانێکی ئارام ژیاوە و دوور بووە لە پڕوپاگەندەکان، خۆی بۆ فۆتۆگرافیی تەرخانکردووە و ژیانی کەلەپووریی و ڕەسەنی خەڵکی نوبای لە سوودان تۆمارکردووە.

رێفنشتال، لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، بەرهەمهێنانی بۆ 23 فیلم کردووە و 14 فیلمی دەرهێناوە، وەکو ئەکتەریش، لە 10 فیلمدا بەشداریی کردووە، ڕێکەوتی هەشتی ئەیلوولی 2003 لە تەمەنی 101 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
لە ئاستی سینەماییدا، ئێستا لێنی رێفنشتال وەکو یەکێک لە باشترین بەرهەمهێنەر و دەرهێنەرەکانی سینەمای جیهان لێی دەڕوانرێت و ڕەخنەگران ستایشی تەکنیک و تواناکانی دەکەن لە بەرهەمهێناندا، بەڵام بۆ هەمیشە، ناوەڕۆکی کارەکانی لە سایەی ئاڵای پڕوپاگەندە و برەودان بە دەسەڵاتخوازیی دەمێننەوە.
59 خولەک پێش ئێستا