بەردی گورچیلە..هۆکار و چارەسەر

گەنجێک کە بەدەست ئازاری گورچیلەوە دەناڵێنێ
گەنجێک کە بەدەست ئازاری گورچیلەوە دەناڵێنێ

هەندێکجار کانزاکان یاخود کڕیستاڵەکان لەناو گورچیلەدا کۆدەبنەوە، ئەمەیە کە لە پزیشکیدا پێی دەوترێت بەردی گورچیلە. ئەم بەردانە دەکرێت وەکوو دەنکە نیسکێک بچووک بن، دەشکرێت قەبارەیان بگاتە قەبارەی پرتەقاڵێک. بەردە بچووکەکان، ئەگەر لەناو گورچیلەدا بمێننەوە، زۆرجار هیچ کێشەیەک دروست ناکەن. بەڵام ئەگەر داببەزن، لەوانەیە ببنە هۆی کێشە و ئازارێکی زۆر.

هۆکارەکانی دروستبوونی بەردی گورچیلە چین؟

کۆمەڵێك هۆکار هەن کە ئەگەری توشبوون بە بەردی گورچیلە زیاد دەکەن، لەوانە:

  • کەمخواردنەوەی ئاو: ئەگەری نیشتن و کۆبوونەوەی کڕیستاڵەکان لەناو گورچیلەدا زیاد دەکات.
  • خواردن: جۆری خواردن کاریگەری لەسەر دروستبوونی بەردی گورچیلە هەیە؛ بۆنموونە: ئەو خواردنانەی کە سۆدیۆم ، پڕۆتین و شەکریان تێدایە، ئەگەری توشبوون بە بەردی گورچیلە زیاتر دەکەن، وەکوو گۆشتی سوور، ماسی، پاقلەکان و هەروەها بەکارهێنانی خوێی زۆر. خواردنی میوەکانی وەکوو پرتەقاڵ و لیمۆ ئەگەری توشبوون کەم دەکەنەوە.
  • مێژووی خێزانی: ئەگەر کەسێک لە خێزانێکدا بەردی گورچیلەی هەبێت، ئەگەری توشبوونی ئەندامانی تری خێزانەکە زیاترە بەراورد بە کەسانی تر.
  • قەڵەوی: ئەو کەسانەی کە کێشی لەشیان زۆرە ئەگەری توشبوونیان بە بەردی گورچیلە زیاترە.
  • نەخۆشییەکان: هەندێک نەخۆشی ئەگەری توشبوون بە بەردی گورچیلە زیاد دەکەن، وەکوو: بەرزەفشاری خوێن، شەکرە، قەڵەوی، فشەڵبوونی ئێسک، دەردەپاشا، کیسی گورچیلە، هەوکردنی ڕیخۆڵە و میزەڕۆ.

نیشانەکانی چین؟

دەکرێت کەسێک بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەردی هەبێت و پێشی نەزانێت، بەڵام کاتێک بەردەکە لە گورچیلەوە دادەبەزێت بۆ ڕێڕەوی میز هەست بە نیشانەکان دەکات؛ وەکوو:-

  • دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە
  • ئازار
  • بوونی خوێن لە میزدا
  • بوونی ئازار لە کاتی میزکردندا
  • گیرخواردنی میز و نەهاتنەدەرەوەی لە میزەڵداندا
  • زۆر میزهاتن
  • لەرز و تا
  • گۆڕانی ڕەنگ و بۆنی میز

ئەگەر بەردێکم هەبوو و هیچ نیشانەیەکم نەبوو، پێویستە چی بکەم؟

بەگشتی بوونی بەردی گورچیلە بەبێ نیشانە هیچ کێشەیەک دروست ناکات، بۆیە پێویست ناکات نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت. بەڵام ئەو کەسانەی هەندێک پیشەی دیاریکراویان هەیە، بۆنموونە فڕۆکەوانەکان، ناچارن لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە بێت یاخود لێزەر، چارەسەر وەربگرن.

چۆن بزانم بەردی گورچیلەم هەیە یان نا؟

لە کاتی سەردانی پزیشکی پسپۆڕی گورچیلە و میزەڕۆدا، خۆی ڕێنمایی کەسەکە دەکات و هەر پشکنینێک پێویست بێت، ئەنجامی دەدات. بۆنموونە، هەندێک لە جۆرەکانی بەردی گورچیلە لە سۆنەر، تیشکی ئێکس (ئەوەی لەناو خەڵکدا بە ئەشیعە ناسراوە)، یان سیتی سکاندا دەردەکەون.

چۆن ڕێگری لەوە بکەم کە بەردی گورچیلەم بۆ دروست ببێت؟

کۆمەڵێک ڕێگە هەن بۆ خۆپاراستن لە بەردی گورچیلە، لەوانە:-

  • خواردنەوەی ئاو بە بڕی پێویست! کەمخواردنەوەی ئاو یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی بەردی گورچیلە
  • کەمکردنەوەی خواردنی خوێ و ئەو خواردنانەی سۆدیۆمیان تێدایە
  • دابەزاندنی کێش

کام خۆراکانە بڕێکی زۆر لە کالیسیۆمیان تێدایە؟

  • شیری مانگا
  • ماست
  • پەنیر
  • بڕۆکلی
  • پاقلەی وشککراوە

هەروەها گرنگە کە لە کاتی کڕینی خواردنی قوتوو یان شەربەتدا سەیری نووسینەکانیان بکەیت و بزانیت ڕێژەی کالسیۆم چەندە تێیاندا.