ژمارەی قەرەوێڵەکانی نەخۆشخانەی شار زیادکرا
رۆژی 22ـی ئاب، کاتژمێر پێنجی ئێوارە، بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، 20 قەرەوێڵە بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار زیادکرا.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانیدا بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی، ژمارەی قەرەوێڵەکانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار لە 16ـەوە بۆ 36 قەرەوێڵە زیادکرا، بەجۆرێک قەرەوێڵەکان تەواوی پێداویستییە پزیشکییەکانیان بە ستانداردی جیهانی لەگەڵدایە.
ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییە، کاریگەرییەکی باشی دەبێت لەسەر باشترکردنی کوالیتی چارەسەر و کەمکردنەوەی مەترسیی ئەو حاڵەتە تەندروستییە بەپەلانەی تووشی هاونیشتمانی شاری سلێمانی و دەوروبەری دەبن.
بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان، دەبێت بۆ هەر هەزار کەسێک یەک قەرەوێڵەی تایبەت بە فریاکەوتنی خێرا بوونی هەبێت، بەڵام لە وڵاتە مامناوەند و هەژارنشینەکاندا، بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان، رێژەکە تاڕادەیەک لە ئاستی پێویستیی هاوڵاتییاندا نییە.
23/08/2024