جگەرەکێشان چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆرپەلە دەبێت؟
هەمیشە باس لەوە کراوە کە جگەرەکێشان لەماوەی دووگیانیدا کاریگەرییەکی نەرێنی و مەترسیداری لەسەر کۆرپەلە دەبێت و دەشێت چەندین لێکەوتەی مەترسیداری بەدوادابێت، بەڵام ئایا ئەم لێکەوتە و مەترسییانە چین؟
توێژینەوەیەکی نوێ باس لەوە دەکات، جگەرەکێشان لە ماوەی دووگیانیدا، تەنانەت ئەگەر رۆژانە جگەرەیەک بۆ دوو جگەرەش بکێشرێت، رەنگە ببێتەهۆی لەدایکبوونی پێشوەختە، تێکچوونی زگماکی، یانیش ئەوەی کۆرپەلە لە کاتی لەدایکبوونیدا کێشی بە شێوەیەکی نائاسایی کەمبێت.
توێژینەوەکە لە زانکۆی شاندۆنگی چین ئەنجامدراوە، کە تێیدا ئاماری زیاتر لە 12 ملیۆن منداڵی لەدایکبوو لە ماوەکانی نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2019ـدا وەرگیراوە و بەدواداچوونی تەواویان بۆ کراوە.
ئەنجامی توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر دایکێک تەنیا لە ماوەکانی پێش دووگیانیدا جگەرە بکێشێت، ئەگەری ئەوەی منداڵە لەدایکبووەکەی گرفتی تەندروستیی هەبێت، بە رێژەی 27% زیاددەکات. هاوکات رەنگە لە ماوەی لەدایکبووندا، منداڵەکە کێشەی هەناسەدانی هەبێت و پێویستی بە بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و خەواندنی لە بەشی چاودێریی چڕ هەبێت، تەنانەت رەنگە تووشی گەشکە، یان تێکچوونە دەمارییە هاوشێوەکان ببێت.
میکانیزم
میکانیزمی زانستیی ئەم مەترسییە خۆی لە چەند کاریگەرییەکی جیاوازدا دەبینێتەوە، بۆنموونە کاتێک دایکی دووگیان جگەرە دەکێشێت یان بەرکەوتنی بەردەوامی لەگەڵ دووکەڵی جگەرە دەبێت، بەهۆی کەسانی چواردەورییەوە، ئیدی بە تێپەڕبوونی کات ماددە ژەهراوییەکانی نێو جگەرە لە سووڕی خوێندا کەڵەکەدەبن و پاشانیش دەلکێن بە هیمۆگڵۆبینەوە. هیمۆگلۆبین پێکهێنەرێکی سەرەکیی خرۆکە سوورەکانی خوێنە و بەرپرسە لە هەڵگرتن و گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ بەشە جیاوازەکانی لەش و لەنێویشیاندا کۆرپەلە.
ئەم پێکەوە لکانەی ماددە زیانبەخشەکان و هیمۆگڵۆبین، وا دەکات ئاستی ئۆکسجینی رۆشتوو بۆ جەستەی کۆرپەلە کەمببێتەوە، لێکەوتەکانی ئەم گرفتەش بەگشتی بریتینلە دابەزینی نائاسایی كێشی کۆرپەلە، لەدایکبوونی پێشوەختە و تەنانەت دەکرێت لەبارچوونیشی لێبکەوێتەوە.
ماددە ژەهراوی و مەترسیدارەکانی دیکەی نێو دووکەڵی جگەرە، دەتوانن وێڵاش ببڕن و بەنێو سووڕی خوێنی کۆرپەلەدا هاتوچۆبکەن و گرفتی زگماکی بۆ گەشەی دروستبکەن، لەلایەکی دیکەشەوە کار و چالاکیی ئەندامە دروستبووەکانی وەکو دڵ و مێشک تێکبدەن.
رەهەندێکی دیکەی ئەم مەترسییە ئەوەیە کە جگەرەکێشان ئەگەری روودانی بازدان لە DNAــیی خانەکانی کۆرپەلەدا زیاتردەکات، بەجۆرێک دەکرێت ببێتەهۆی تووشبوونی منداڵەکە بە چەندین نەخۆشیی جیاواز لە ماوەکانی ژیانیدا، لەوانەش نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە و شێرپەنجە.
ئاشکرایە جگەرەکێشان کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە، بەڵام ئەم بەڵگانەش زیاتر جەخت لەوە دەکەنەوە کە جگەرەکێشان لەلایەن دایکانەوە، لە ماوەکانی دووگیانیدا هێڵی سوورە و پێویستە خۆپارێزیی تەواو لەم بارەیەوە پەیڕەوبکرێت.
23/08/2024