چۆن خۆت لە کۆلێرا دەپارێزیت؟

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی هۆشداری دەدات
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی هۆشداری دەدات

کەناڵ8-  سلێمانی

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، ژمارەیەک چارەخواز لە نەخۆشخانەکانی سلێمانیدا خەوێنراون کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت تووشبووی کۆلێرا بن و ئێستا تەندروستیی سلێمانی چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامی ئەو پشکنینایە کە نێردراون بۆ بەغداد بە مەبەستی تێگەیشتن لە حاڵەتەکان.

رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئابی 2024، د. سەباح هەورامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هۆشداری لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا دا و چەند رێنماییەکی بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە خستەڕوو.

د. سەباح گوتی: "داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین بە هیچ جۆرێک ئەو سەرچاوانەی ئاو بەکارنەهێنن کە نافەرمین و خۆیان لە خواردنی سەوزەکان بەدووربگرن، چونکە بە ئاوی قورس ئاودەدرێن، گوماندەکەین ئەم جۆرەی کۆلێرا جۆرێکی توند بێت."

بەڕێوەبەرەکەی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بە هەستیاریی نەخۆشییەکەدا و گوتی: "تکایە واز لە ئاوڵەی مەیموون بهێنن و گرنگییەکی زیاتر بە سکچوون و رشانەوە بدەن."

زانیارییە پێویستەکان سەبارەت بە کۆلێرا

کۆلێرا نەخۆشییەکی بەکتریاییە کە دەبێتەهۆی سکچوون، بەجۆرێک ئەگەر حاڵەتە توندەکان بە چارەسەرنەکراوی بهێڵرێنەوە، دەکرێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا نەخۆشەکە گیانلەدەستبدات. ئەم نەخۆشییە زیاتر لە وڵاتە هەژارنشینەکان و ئەو ناوچانە باوە کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیان پاک نییە و سیستمی ئاوەڕۆیان بە باشی رێکنەخراوە.

بەگوێرەی بڵاوکراوەکانی رێکخروی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە نزیکەی یەک بۆ چوار ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی کۆلێرا دەبن و لەم رێژەیەش دەیان هەزار کەسیان گیانلەدەستدەدەن.

چۆن نەخۆشییەکە بڵاودەبێتەوە؟

ئەو بەکتریایەی دەبێتەهۆی نەخۆشییەکە لە ژینگە گەرمەکاندا توانای زۆربوون و دووهێندبوونی زیاتر دەبێت و دەشێت مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خەڵکی دروستبکات. کاتێک کەشوهەوا گەرمە و توانای بەکتریاکەش بۆ گەشەکردن بەرزە، دەکرێت بەکتریاکە لە سەرچاوەکانی ئاودا گەشە بکات و لە کاتی خواردنەوەی ئەم ئاوە، یانیش بەکارهێنانی ئەو سەوزە و خۆراکانەی بەم سەرچاوەیە ئاو دراون، خەڵکی تووشی کۆلێرا ببن و بەکتریاکە لە ریخۆڵەیاندا دەست بە گەشەکردن بکات.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، خواردنەوەی ئاو لە سەرچاوەی باوەڕپێنەکراوەوە، لەوانەش ئاوی رووبار، بیری کراوە، پەرداخ و سوراحی پیسبوو، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاددەکەن.

نیشانەکان

بەشی زۆری خەڵکی لە کاتی تووشبوون بەم بەکتریایەدا هیچ نیشانەیەکیان نییە، لە کاتێکدا بەکتریاکە لە پیسایی کەسەکەشدا بوونی هەیە، بۆیە ئەگەر کەسی تووشبوو لە پێش خواردنی ژەمەکان و پاش چوون بۆ تەوالێت بە باشی دەستەکانی نەشوات، دەکرێت ببێتەهۆکار بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە؛ بەکتریاکە دەکرێت ماوەی 10 رۆژ درێژە بە ژیانکردنبدات لەنێو لەشی تووشبووەکەدا.

بۆ ئەوانەشی نیشانەکانیان تێدا دەردەکەوێت، بەکتریاکە نزیکەی یەک بۆ پێنج رۆژی پێویستە تاوەکو ببێتەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکان. بەشێکی کەمی خەڵکی لە کاتی تووشبوون بە کۆلێرادا، تووشی سکچوونێکی وەکو ئاو دەبن (پیساییان وەک ئاوی برنج دەبێت). پشتگوێخستنی ئەم بارودۆخە، دەکرێت وشکبوونەوەیەکی توندی جەستە و لەدەستدانی کانزا پێویستەکانی بەدوادابێت، کە لەوانەیە نەخۆشەکە رووبەڕووی چەندین مەترسیی گەورە بکاتەوە.

نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەگشتی بریتینلە:

  • سکچوون
  • رشانەوە
  • کەمبوونەوەی میزی دەردراو
  • ئازار و گرژبوونی ماسولکە
  • لاوازی و بێهێزی

مەترسی و چارەسەر

ئەوانەی حاڵەتەکەیان سووکە، دەکرێت بە بەکارهێنانی گیراوەی (ORS) کە لە دەرمانخانەکاندا بەردەستە، حاڵەتەکە چارەسەربکرێت، بەجۆرێک یەک دانە لەم گیراوەیە تێکەڵ بە یەک لیتر ئاوی خاوێن دەکرێت و دەخورێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ کانزا لەدەستدراوەکان. کەسێکی پێگەیشتوو کە تووشی ئەم گرفتە دەبێت، پێویستە لە رۆژی یەکەمدا 6 دانە لەم جۆرە گیراوەیە بەکاربهێنێت.

کاتێک تووشبووەکە بەدەست سکچوونێکی توندەوە دەناڵێنێت، پێویستە راستەوخۆ سەردانی نزیکترین مەڵبەندی تەندروستی بکات، چونکە ئەم سکچوونە توندە هۆکارە بۆ وشکبوونەوەی جەستە و کەمبوونەوەی لەڕادەبەدەری ئاو و کانزا گرنگەکان لە لەشدا. ئەم گرفتە دەکرێت دابەزینی نائاسایی فشاری خوێن، سستبوون و لەکارکەوتنی گورچیلە، تووشبوون بە کۆما و دواجاریش مەرگی بەدوادابێت.

لە مەڵبەند و ناوەندە تەندروستییەکان، راستەوخۆ پشت بە هەڵواسینی ئاو بۆ نەخۆشەکە دەبەسترێت بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانی مەترسییەکانی وشکبوونەوەی جەستە. لەلایەکی دیکەشەوە، رەنگە دەرمانی دژەزیندەیی بۆ چارەخوازەکە بنووسرێت، بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر بەکتریاکەدا.

خۆپاراستن

رێنماییەکانی خۆپاراستن خۆیان دەبیننەوە لە دوورکەوتنەوە لەو سەرچاوانەی ئاو کە گوماناوین و باوەڕپێکراو نین، دوورکەوتنەوە لە سەوزە لەم وەرزەدا. پابەندبوون بە دەستشوشتنی بەردەوام لە پاش تەوالێت و پێش ژەمەکان.

پەیوەست بە ئاوی پیس، نەک نابێت بۆ خواردنەوە و شوشتنی سەوزە و میوە بەکاربهێنرێت، بەڵکو پێویستە بۆ دەستشوشتن یان هیچ کارێکی دیکەی لەم جۆرە بەکارنەهێنرێت.

کوڵاندنی گۆشت و خواردنە دەریاییەکان بە شێوەیەکی باش، رێکارێکی گرنگە، چونکە کوڵاندنی خواردنە لێنراوەکان دەبێتەهۆی لەناوبردنی بەکتریاکە.

باشترە لەم وەرزەدا ئاوی دەبە بۆ خواردنەوە بەکاربهێنرێت، یانیش ئاوی بەلوعە بکوڵێنرێت، پاشان ساردبکرێتەوە و بۆ خواردنەوە کەڵکی لێوەربگیرێت.