چۆن رێگری لە ژەهراویبوونی منداڵ بە ماددە زیانبەخشەکان بکرێت؟
هەژان قادر 24/08/2024
د. گەشبین کاوە، پسپۆڕی منداڵان، تازەلەدایکبووان و گەشە
گرنگە دایک و باوکان وریابن لە چۆنیەتیی هەڵگرتن و شوێنی دانانی ئەو کەرەستە و ماددانەی ئەگەری ئەوەیان هەیە کە منداڵان ژەهراوی بکەن. زۆربەی ژەهراویبوونەکانی منداڵان لە ماڵەوە روودەدەن، بەجۆرێک دەکرێت هەندێک لەم ژەهراویبوونانە مەترسییەکی گەورەبن لەسەر تەندروستی و ژیانی منداڵەکە.
ئەو ماددانەی دەبنەهۆی ژەهراویبوونی منداڵان
- خواردنی تەنیا یەک حەب لە هەندێک دەرمان لەلایەن منداڵی ساواوە، دەکرێت ببێتەهۆی گیانلەدەستدانی.
- دەرمانەکانی تایبەت بە قڕکردنی مێروو دووبارە دەشێت ببنەهۆی گیانلەدەستدانی منداڵ.
- پاککەرەوەکانی ئاوەڕۆ و فاست، رەنگە چەندین کاریگەریی نەرێنیی ماوەدرێژ لەسەر تەندروستیی منداڵ بەجێبهێڵن.
- ماکیاژیش یەکێکە لەو ماددانەی نابێت لەبەردەستی منداڵدا بێت، چونکە بەرکەوتنی راستەوخۆی ئەم ماددانە بە پێستی منداڵی ساوا، وا دەکات پێست ماددەکان هەڵبمژێت و کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئاستی هۆرمۆنەکانی منداڵەکە هەبێت.
- خواردنەوەی بەنزین و ماددە ژەهراوییە هاوشێوەکانی، مەترسییەکی گەورە دەهێننەئاراوە.
رێگەکانی پاراستنی منداڵ
- دەرمان و ماکیاژ لە شوێنێکی بەرز، یان دۆڵابێکی قفڵکراودا دابنرێن، تاوەکو مناڵەکە نەتوانێت پێیان بگات.
- نەوت و بەنزین نەخرێنە دەبەی ئاوەوە.
- فاست و پاککەرەوەکان لە شوێنێکی داخراو و دوور لە چاوی منداڵدا هەڵبگیرێن.
هەژان قادر
24/08/2024