چۆن نەخۆشیی شەکرە دەبێتەهۆی رەشبوونەوەی پێیەکان؟
نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشییەکی درێژخایەنە و بەوە جیادەکرێتەوە کە خانەکانی لەش توانای بەکارهێنانی ئنسۆلینیان کەمدەبێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە رێژەی بەرهەمهێنانی ئنسۆلین لەلایەن خانەکانی پەنکریاسەوە دادەبەزێت.
هەندێک لە تووشبووان لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا پێیەکانیان تووشی رەشبوونەوە (گانگرین) دەبێت. رەشبوونەوە حاڵەتێکە تێیدا شانەکانی پێ یان ناوچەیەکی دیکەی جەستە دەمرن و رەنگیان رەش دەردەکەوێت.
بەگوێرەی توێژینەوەکان، ئەوانەی بەدەست نەخۆشیی شەکرەوە دەناڵێنن، ئەگەری تووشبوونیان بە رەشبوونەوەی پێیەکان 25 هێندە لە کەسێکی ئاسایی زیاترە.
هۆکارەکان
وەک زانراوە، نەخۆشیی شەکرە بە بەرزیی ئاستی شەکر لە سووڕی خوێندا جیادەکرێتەوە، بێگومان ئەم هەڵکشانە نائاساییەی لە ئاستی شەکری خوێندا روودەدات، بەبێ لێکەوتی نەرێنی تێناپەڕێت، بۆیە گرنگە تووشبووانی شەکرە بەردەوام پابەندبن بە خواردنی دەرمانەکان لە کاتی خۆیدا و دوورکەوتنەوە لەو خۆراکانەی ئاستی شەکر بەرزدەکەنەوە.
مانەوەی ئاستی شەکری خوێن لە سنوورێکی بەرز و نەخوازراودا، دەکرێت کۆمەڵێک بارودۆخ لە پێیەکاندا بهێنێتەئاراوە کە ئەنجامەکەیان رەشبوونەوەی پێیەکان و مردنی شانەکان دەبێت، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی حاڵەتەکە بەگشتی بریتینلە:
لاوازبوونی خوێنبەرەکان: بەرزیی بەردەوامی ئاستی شەکر لە سووڕی خوێندا، بە تێپەڕبوونی کات زیان بە لوولەکانی خوێن لە پێیەکاندا دەگەیەنێت و وا دەکات جیڕی و توانای کشانیان کەمببێتەوە، بەمەش دەکرێت رۆیشتنی خوێن بۆ پەلەکان کەمببێتەوە. ئەم میکانیزمە قۆناغ بە قۆناغ سەردەکێشێت بۆ کەمبوونەوەی ئاستی ئۆکسجین بۆ شانەکانی پێ و مردنیان.
لاوازبوونی دەمارەکان: بەرزیی ئاستی شەکر دووبارە وا دەکات دەمارەکانی پێ لاوازببن، لەو کاتەدا تووشبووەکە هەستی بۆ ئازار کەمدەبێتەوە، بۆیە رەنگە ئەگەر کەسەکە تووشی سووتانی پێ، فشارێکی بەردەوام، یان برینی پێیەکان ببێت، هەستی پێنەکات و تەشەنەبکات. لەلایەکی دیکەوە بەهۆی کەمبوونەوەی لێشاوی خوێن بۆ ئەم ناوچەیە، کردەی چاکبوونەوەی برینەکان خاودەبێتەوە و لەوانەیە کەسەکە گیرۆدەی رەشبوونەوەی پێیەکان ببێت.
بەکتریا و ڤایرۆس: بەهۆی ئەوەی نەخۆشیی شەکرە رۆیشتنی خوێن بۆ پێیەکان کەمدەکاتەوە، ئیدی لەو ناوچەیەدا توانای بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن کەمدەبێتەوە، بۆیە ئەگەر برینێک لە پێیەکانی کەسی تووشبوودا سەرهەڵبدات، دەکرێت برینەکە ببێتە ناوەندێک بۆ گەشە و زۆربوونی وردیلەزیندەوەرەکان کە دەتوانن بە ئاسانی شانەکانی پێ تێکبشکێن و بەم جۆرەش رەشبوونی پێیەکان دروستببێت.
مەترسییەکان
سەرەڕای ئەو هۆکارە سەرەکییانەی ئاماژەیان پێدرا، کۆمەڵێک فاکتەری دیکە بەدیدەکرێن کە مەترسییەکانی رەشبوونەوەی پێ لە تووشبووانی شەکرەدا زیاتردەکەن، لەوانەش:
جگەرەکێشان: بە هەمان شێوە هۆکارە بۆ کەڵەکەبوونی ماددە ژەهراوییەکانی نێو دووکەڵی جگەرە لە لوولەکانی خوێندا و تێکشکانی دیواری ئەم لوولانە.
پاکڕانەگرتنی پێیەکان: کورتکردنەوەی لەڕادەبەدەری نینۆکەکان، یانیش دوورکەوتنەوە لە نینۆککردن بۆ ماوەیەکی زۆر، مەترسییەکان زیاتردەکەن.
دەرمان: هەندێک لە دەرمانەکانی تایبەت بە بەرزەفشاری خوێن و هەستیاری، رەنگە وروژمی خوێن بۆ پێیەکان کەمبکەنەوە و ببنە مەترسی.
پێڵاوی تەسک: لەپێکردنی پێڵاو و کالەی تەسک، لەوانەیە ببێتەهۆی دروستبوونی برین و رەشبوونەوە.
چارەسەر
کاتێک کەسێک تووشی رەشبوونەوەی پەنجەکانی پێ، یان هەر بەشێکی دیکەی پێ دەبێت، پێویستە راستەوخۆ سەردانی پزیشکی پسۆڕ بکات، تاوەکو رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری حاڵەتەکە بە ناوچەکانی دیکەی پێدا بکرێت.
شێوازی چارەسەرکردن پشتدەبەستێت بە توندیی حاڵەتەکە و ئەو هۆکارەی بووەتەهۆی سەرهەڵدانی. چارەسەرە باوەکان بەگشتی بریتینلە بڕینەوە و لابردنی بەشە مردووەکە، پاشانیش دۆزینەوە و چارەسەرکردنی هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی ئەم حاڵەتە، بە مەبەستی پێشگیریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی.
خۆپاراستن
چەند رێکارێک بەدیدەکرێن بۆ خۆپاراستنی تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە لە تووشبوون بە رەشبوونەوەی پێیەکان، گرنگترین رێنماییەکان بریتینلە:
- چاودێریکردنی بەردەوامی پێیەکان؛ لە کاتی بەدیکردنی هەر برین و سووربوونەوەیەکدا راستەوخۆ سەردانی پزیشک بکرێت
- شوشتنی رۆژانەی پێیەکان بە ئاوی گەرم
- بەکارهێنانی بەردەوامی شێدارکەرەوە بۆ پێیەکان، بەتایبەت نێوان پەنجەکان
- دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان
- پەیڕەوکردنی بەرنامەیەکی خۆراکیی تەندروستانە، بۆنموونە خۆپاراستن لە شەکر و زۆرخواردنی سەوزە
- هەفتانە بە لایەنی کەمەوە 150 خولەک وەرزشبکرێت
25/08/2024