پسپۆڕێک باس لە هۆکار و چارەسەرەکانی کزبوونی چاو دەکات

د. میران حەسەن، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو
د. میران حەسەن، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو

چاوکزی یەکێکە لە دیاردە باوەکان لەنێو هاونیشتمانییاندا. چاوی مرۆڤ پێکهاتەیەکی ئاڵۆز و هەستیارە. لە چوارچێوەی چاوپێکەوتنێکی کەناڵ8ـدا، پسپۆڕێک باسی لە چاوکزی و رێکارەکانی چارەسەرکردنی ئەم گرفتە کرد.

د. میران حەسەن، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو بە کەناڵ8ـی راگەیاند: ”چاوکزی کاتێک روودەدات، کە دیمەنەکانی دەوروبەر بە باشی چڕنەبنەوە سەر تۆڕەی چاو، بەم شێوەیەش دیمەنەکان تەڵخ دەردەکەون.“

بە گوتەی پسپۆڕەکە، لە ماوەکانی رابردوودا تاکە چارەسەری کزبوونی چاو، بەکارهێنانی چاویلکە بوو، بەڵام ئێستا دەکرێت لەڕێگەی بەکارهێنانی لەیزەرەوە ئەم گرفتە چارەسەربکرێت.

هۆکارەکان

پسۆڕەکە باسی لەوە کرد، باوترین هۆکاری چاوکزی لەنێو ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو 50 ساڵەوەیە، ئاوی سپیی چاوە. ئەم حاڵەتە لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەندا سەرهەڵدەدات. لە گەنجان و منداڵانیشدا، بەکارهێنانی بەردەوامی ئایپاد، مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، کایگەرییەکی گەورەیان لە کزبوونی چاودا دەبێت.

تەماشاکردنی بەردەوامی تەلەفۆن و ئامێرە ئەلیکترۆنییە هاوشێوەکان، وا دەکات بەردەوام چاو سەرنجی لەسەر یەک خاڵی نزیک بمێنێتەوە و بە تێپەڕبوونی کات و دووبارەبوونەوەی ئەم کردەیە، توانای کەسەکە بۆ بینینی دیمەنەکانی چواردەور کەمدەبێتەوە، بۆیە پێویستە لە پاش 20 خولەک تەماشاکردنی شاشە، بۆ ماوەی 20 چرکە تەماشای شوێنێک بکرێت کە 6 مەتر لە چاوی کەسەکەوە دووربێت.

بوونی هەستیاریی چاو لە تەمەنی منداڵیدا و بەرکەوتنی زەبری دەرەکی بەم ئەندامە، دوو هۆکاری دیکەن بۆ کزبوونی چاو.

 هاوکات د. میران جەختی لەوە کردەوە کە کاتێک منداڵێک تەمەنی لە خوار نۆ ساڵییەوەیە و چاویلەکەی بۆ دەنووسرێت، پێویستە منداڵەکە تەنیا لە کاتی خەودا چاویلکەکەی دابنێت، چونکە لە منداڵاندا ئەگەر چاوێک لە چاوەکەی دیکەی کزتربێت، یانیش بەهێزتربێت، مێشک پشتدەبەستێت بە چاوە بەهێزەکە و چاوەکەی دیکەیان پەراوێز دەخات، ئەمەش دەبێتەهۆی تەمبەڵبوونی چاو.

پسپۆڕەکە باسی لەوە کرد، ئەگەر کەسێک چاوی کزبێت و چاویلە نەکات، زیاتر دەمارگرژدەبێت، تەنانەت شێوازی خەوتنیشی تێکدەچێت و هەست بە بوونی گوشاری دەروونیی بەردەوام دەکات، بۆیە گرنگە لە کاتی چاوکزیدا چاولیکە لەچاوبکرێت، تاوەکو کوالێتیی ژیان باشتر ببێت.

چارەسەری لەیزەر

جۆرەکانی چارەسەری لەیزەر زۆرن. بەگوێرەی پێویستی و تەمەن و حاڵەتەکان، چارەسەری گونجاو لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ئەنجامدەدرێت.

 پزیشکەکە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ”چارەسەری لەیزەر بۆ راستکردنەوەی بینین کاتێک دەکرێت کە کەسەکە بۆ ماوەی شەش مانگ چاوی لە کزبوون وەستابێت و لەو ماوەیەدا پلەی بینینی چاوی گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتبێت.“

بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان، چارەسەری لەیزەر بە شێوەیەکی گشتی لە پاش تەمەنی 18 ساڵی ئەنجامدەدرێت. بە گوتەی پزیشکەکە، وا باشترە لە پاش تەمەنی 20 ساڵی ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجامبدرێت. کاتی خایانراو بۆ جێبەجێکردنی نەشتەرگەرییەکە، نزیکەی 10 خولەکە و چارەسەرەکە زۆربەی کات ئازارێکی ئەوتۆی نییە.

ئەو دەرمانانەی لە پاش نەشتەرگەرییەکە بۆ چارەخوازەکە دەنووسرێن، پێویستە بە شێوەیەکی رێکخراو بەکاربهێنرێن و چارەخوازەکە پابەندی رێنماییەکانی پزیشکەکە بێت، بە مەبەستی رێگریکردن لە سەرهەڵدانی لێکەوتە نەرێنییەکانی نەشتەرگەرییەکە.

ماکەکان

سەبارەت بە لێکەوتە نەرێنییەکانی نەشتەرگەریی لەیزەر، پزیشکەکە ئاماژەی بەوەدا، باوترین لێکەوتە نەرێنییەکان بریتین لەوەی کە ئەگەر چاوی کەسەکە لەڕووی کزییەوە جێگیر نەبووبێت، ئەو کاتە رەنگە چارەخوازەکە پاش ماوەیەک دووبارە چاوی کزببێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا گوتی: ”بۆ هەندێک لەوانەی دەچنە ژێر باری نەشتەرگەرییەوە، رەنگە پرۆسەکە بە تەواوی سەرکەوتوو نەبێت و تەڵخییەک لە بینینی چارەخوازەکەدا هەبێت، هاوکات بۆ هەندێکی دیکە دەشێت هەوکردنی چاو بێتەئاراوە، بەڵام ئەم حاڵەتانە لە 10 هەزار کەسدا تەنیا یەک کەس تووشیدەبێت و چارەسەری لەیزەر بۆ راستکردنەوەی بینین 99%ـی جارەکان سەرکەوتوو دەبێت.“