ئازاری سنگ نیشانەی چییە؟

هەموو ئازارێکی سنگ مەترسیدار نییە
هەموو ئازارێکی سنگ مەترسیدار نییە

رەنگە بەشی زۆری خەڵکی رۆژێک لە رۆژان تووشی ئازاری سنگ ببن، دەشێت ئەم ئازارە تەنیا لە ناوچەی سنگدا نەمێنێتەوە و سەربکێشێت بۆ دروستبوونی ئازار لە ناوچەکانی قۆڵ و ملدا. هەندێک کات لەوانەیە ئەم حاڵەتە نیشانەی گرفتێکی جەستەیی مەترسیداربێت، یانیش ئازارێکی کاتی و بێزیان بێت.

هۆکارەکان

دەکرێت ئازاری سنگ بۆ ماوەی چەند خولەکێک، یان چەند كاتژمێرێک بەردەوامبێت. لە هەندێک حاڵەتدا، لەوانەیە ئازارەکە بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ درێژەبکێشێت.

هۆکارەکانی ئازاری سنگ بە شێوەیەکی گشتی بریتینلە:

جەڵتەی دڵ: ئەگەر ئازارەکە بڵاوببێتەوە بۆ ناوچەکانی مل، شەویلکە و قۆڵ، کەسەکە تووشی هەناسەتەنگی، ئارەقکردنەوەیەکی بەهێز و دڵتێکهەڵاتن و گێژبوون ببێت، رەنگە حاڵەتەکە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بێت.

دڵەکزە: ئەگەر ئازارەکە لە پاش خواردنی ژەمەکان، یانیش خواردنی خۆراکە توونەکان دەستپێبکات و کەسەکە هەست بە گەڕانەوەی خواردن و شلە بۆ ناو دەم بکات، پێدەچێت هۆکاری ئازارەکە گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدەبێت بۆ سورێنچک.

پەشێوییە دەروونییەکان: رەنگە سەرهەڵدانی ئازارێکی توند لە پاش تێپەڕبوون بە ئەزموونێکی توند و بێزارکەردا، بەهۆی گوشارێکی دەروونیی دەرەکییەوە بێت و لە پاش نەمانی گوشارەکە ئازارەکەش نامێنێت.

نەخۆشیی سییەکان: تووشبوون بە هەوکردنی سییەکان چەندین نیشانەی جیاجیای لێدەکەوێتەوە، لەوانەش کۆکە، ئازاری سنگ و دروستبوونی بەڵغەم.

سەرباری هەموو ئەمانەش، دەکرێت هەندێک ئازاری کورتخایەن و کاتی نیشانەی نەخۆشی نەبن، بەڵکو هەستێکی کاتی بن و لە ماوەی چەند خولەکێکدا کۆتاییان بێت. کەواتە، هەموو ئازارێکی سنگ یەکسان نییە بە نەخۆشی.

خۆپارێزی

بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بەم حاڵەتانەی باسکران، گرنگە ئەم رێنماییانەی خوارەوە جێبەجێبکرێت:

  • پەیڕەوکردنی بەرنامەیەکی خۆراکیی تەندروستانە، لەوانەش خۆپاراستن لە خواردنە چەورەکان و خوێ
  • وەرزشکردنی بەردەوام، باشترە لە هەر هەفتەیەکدا بەلایەنی کەمەوە 150 خولەک وەرزشی مامناوەندی ئەنجامبدرێت
  • لە ئەگەری بوونی بەرزەفشاری خوێن، بەرزی ئاستی چەوری و نەخۆشیی شەکرەدا، گرنگە سەرجەم رێنماییە تەندروستییەکان پەیرەوبکرێن، بە مەبەستی رێگریکردن لە سەرهەڵدانی لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم نەخۆشییانە
  • رێکخستنەوەی بارستایی لەش و خۆپاراستن لە قەڵەوی
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و کحول