بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی: تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بە کۆلێرا گیانیلەدەستنەداوە

د. رزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی
د. رزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی

ئەمڕۆ، 25ـی ئاب، د. رزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ”هەموو ئەوانەی تووشی کۆلێرا بوون، یانیش گومانی کۆلێرایان لێدەکرا، چاکبوونەتەوە و ئێستا لە ماڵەوەن.“

گوتیشی، ترسناکترین جۆری سکچوون و رشانەوە، نەخۆشیی کۆلێرایە، بەڵام خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیلەدەستنەداوە.

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، ئێستا لیژنەیەکی تەندروستیی گەورە بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆلێرا پێکهێنراوە.  

بە گوتەی بەڕێوەبەرەکە، هەندێک لەو تانکەرانەی ئاو بۆ هاونیشتمانییان دابیندەکەن، لە چەم و زۆنگاوەکانەوە ئاو بۆ خەڵکی دەهێنن و ئێستا بە چڕی کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەم بابەتە دەکرێت، بەجۆرێک دەبێت خاوەن تانکەرەکان تەنیا ئاو لەو بیرانەوە دابینبکەن کە لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانییەوە رێگەپێدراون.

د. رزگاری داوای لە هاونیشتمانییان کرد کە ئەگەر پێویستیان بە ئاو بوو، تەنیا لەو تەنکەرانە بیکڕن کە رەنگیان سپییە و رێگەپێدانی قایمقامیەتیان هەیە. خۆ ئەگەر هاونیشتمانییان گومانیان لە خاوێنیی ئاوەکە هەبوو، باشترە بەکارینەهێنن و لەبری ئەوە ئاوی دەبە بخۆنەوە.

لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرا بڕیاریدا بەکارهێنانی سەوزەی لە چێشتخانەکاندا قەدەغەبکرێت. هاوکات داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن، دووربکەونەوە لە خواردنی سەوزە، ئەگەر بەکاریشیان هێنا، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لە ئاو و خوێدا دایبنێن.

کۆتا داواکاریی بەڕێوبەرەکە، گرینگیدان بوو بە پاکوخاوێنیی دەستەکان و شوشتنیان لە پێش و پاش ژەمەکان و لە ماوەکانی پاش چوون بۆ تەوالێت.