بۆ پێداچوونەوە بە سزای بانکەکان شاندێکی بانکی ناوەندی عێراق سەردانی واشنتن دەکات

لۆگۆی بانکی ناوەندیی عێراق
لۆگۆی بانکی ناوەندیی عێراق

شاندێکی بانکی ناوەندی عێراق بە سەرۆکایەیتی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی سەردانى واشنتن دەکات و لەگەڵ وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا گفتوگۆکانیان سەبارەت بە لابردنى سزاکانی سەر بانکە عێراقییەکان دەستپێدەکات.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکارى ئابوورى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رایگەیاند " بانکی ناوەندی عێراق دانوستاندن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەکات سەبارەت بە دۆسیەی بانکە سزادراوەکان و پێداگیرى هەیە بۆ لابردنى ئەو سزایانە ".

هاوکات،عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئەوەى راگەیاندووە، "کۆبوونەوە لەگەڵ بانکی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئەنجامدەدرێت.

عەلی عەلاق ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ پێداچوونەوە بە لایەنەکانی پەیوەست بە کارەکانی گواستنەوەی دەرەکی و گفتوگۆکردن لەسەر سزاکانی سەر هەندێک لە بانکەکانى عێراق".

تەوەرێکی دیکەی سەردانەکەی بانکی ناوەندی عێراق بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکە، لەگەڵ بانکى ئۆلیڤەر وایمان ئینتەرناشناڵ دەبێت بۆ پێشکەشکردنی پلانێک بۆ چاکسازیکردن لە کەرتی بانکی تایبەت لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، 14 بانکى عێراقى لە ساڵی 2023 وە سزادراون لەلایەن وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا و بێبەش کراون لە کڕینى دۆلار لەرێگەى پلاتفۆڕمى ئەلیکترۆنییەوە.