کۆنیشانەی داون چییە؟
هەموو مرۆڤێکی ئاسایی لەگەڵ لەدایکبوونیدا 46 تاک کرۆمۆسۆم لە خانەکانیدا هەیە، بەڵام کاتێک باسەکە دێتەسەر تووشبووانی کۆنیشانەی داون، ژمارەکە 46 نییە. لە بنەڕەتدا کرۆمۆسۆمەکان هەڵگری بۆماوەماددەن کە بەرپرسیارن لە دیاریکردنی سیفەت و تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ.
کۆنیشانەی داون حاڵەتێکی بۆماوەییە، بەجۆرێک کەسی تووشبوو لەبری 46 کرۆمۆسۆم، 47 کرۆمۆسۆم لە خانەکانیدا هەیە. بە واتایەکی دیکە، لە جووتە کرۆمۆسۆمی 21ـدا، لەبری بوونی تەنیا دوو کرۆمۆسۆم، کەسەکە سێ کرۆمۆسۆمی هەیە.
بوونی ئەم کرۆمۆسۆمە زیادەیە، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر گەشە و پەرەسەندنی منداڵەکە دەبێت؛ چەندین ئاڵنگاریی گەورەی لەڕووی جەستەیی و هزرییەوە رووبەڕوودەبێتەوە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە منداڵەکە نەتوانێت ژیانێکی خۆشبەختانە و تەندروستانە بژی.
بەگوێرەی توێژینەوەکان، کۆنیشانەی داون باوترین حاڵەتی کرۆمۆسۆمییە لە جیهاندا. لە 700 منداڵی لەدایکبوودا، یەکێکیان تووشبووی داونە. ناوەندە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، ساڵانە نزیکەی 6 هەزار منداڵی تووشبوو بە کۆنیشانەی داون لە ئەمریکا لەدایکدەبن.
نیشانەکان
تووشبووانی کۆنیشانەی داون چەندین نیشانەی جۆربەجۆریان تێدا بەدیدەکرێت. نیشانەکان دابەشدەکرێن بەسەر نیشانەی جەستەیی و رەفتاریدا، بەڵام مەرج نییە هەموو تووشبوویەک سەرجەم ئەم نیشانانەی تێدابێت، بەڵکو لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت. نیشانە جەستەییەکان بەگشتی بریتینلە:
- دەموچاوێکی تەخت
- لووتێکی تەخت
- ملێکی کورت
- پەنجەی بچووک
- ماسولکەی لاواز
- کورتیی باڵا
لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی تووشبووانی داوندا، دەشێت کۆمەڵێک نیشانەی دیکە لە هەندێکیاندا دەربکەوێت، گرنگترینیان:
- هەوکردنی گوێ و لاوازبوونی توانای بیستن
- لێڵبوونی بینین و نەخۆشییەکانی چاو
- نەخۆشییەکانی دڵ
- نەخۆشییەکانی غوددە
- گرفتی ددان
- گرفتی هەرس، لەوانەش قەبزی و نەخۆشیی گەنم
- تووشبوون بە ئۆتیزم
هاوکات کۆمەڵێک نیشانەی رەفتاری بەهۆی کرۆمۆسۆمە زیادەکەوە لە منداڵانی تووشبوودا دەردەکەوێت. تووشبووان لەڕووی رەفتارەوە تاڕادەیەک جیاوازن لە کەسانی ئاسایی. نیشانە لاوازە رەفتارییەکان بەگشتی بریتینلە:
- گرفتی جووڵە
- لاوازیی لە قسەکردن و توانای دەربڕین
- لاوازیی لە شێوازی فێربوون
- لاوازی لە لێهاتووییە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی دەربڕینی هەستەکان
- کەمسەرنجی
- دڵەڕاوکێی بەردەوام و دەمارگرژی
بوونی ئەم گرفتانە، وا دەکات منداڵەکە لە قۆناغەکانی سەرەتایی ژیانی و بگرە دواتریشدا پێویستی بە چاودێری و هاوکاریی بەردەوام ببێت بۆ فێربوونی چۆنیەتیی چوون بۆ تەوالێت، توانای دەربڕینی وشە سەرەتاییەکان، جووڵە و شێوازی خواردن.
مەترسییەکان
کۆنیشانەی داون، دەکرێت کاریگەری لەسەر هەموو کەسێک دابنێت، چونکە حاڵەتەکە بۆماوەییە. ئەم کۆنیشانەیە لە ئەنجامی گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و بەرنامەی خۆراکیی خانمان لە ماوەکانی دووگیانی و پێش دووگیانیدا نایەتەئاراوە، بەڵکو حاڵەتەکانی کۆنیشانەی داون بە شێوەیەکی هەڕەمەکی روودەدەن.
وێڕای ئەوەش، دووگیانبوونی خانمان لە پاش تەمەنی 35 ساڵی، ئەگەری روودانی ئەم بارودۆخە زیاتردەکات، بەجۆرێک زۆربەی هەرە زۆری منداڵانی تووشبوو بە کۆنیشانەی دوان، پەیوەستن بەو حاڵەتەی کە تێیدا دایکان لە پاش تەمەنی 35 ساڵی منداڵیان دەبێت.
دەستنیشانکردن
دەکرێت لە ماوەکانی دووگیانیدا پشکنینی تایبەت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ئەنجامبدرێت، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بوون و نەبوونی حاڵەتەکە لە کۆرپەلەدا. لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنەکەدا، لەڕێگەی پشکینی خوێنی دایکەکە و تەماشاکردنی بوونیادی کۆرپەلە لەڕێگەی ئامێری تایبەتمەندەوە، حاڵەتەکە دەستنیشان بکرێت. بێگومان لەوانەیە هەندێک کات پشکنینەکان هیچ نیشانەیەکی بوونی حاڵەتەکە نەخەنەڕوو، لە کاتێکدا لە بنەڕەتدا کۆرپەلەکە تووشبووی داونە.
لە پاش لەدایکبوونی منداڵ، لە ئەگەری بوونی گوماندا، لەڕێگەی پشکینی خوێنی منداڵەکەوە دەتوانرێت بە تەواوی بڕیار لە بارودۆخەکە بدرێت.
چارەسەرکردن
چارەسەرێکی رەها بۆ کۆنیشانەی داون لەبەردەستدا نییە، بەڵام کۆمەڵێک چارەسەری گشتگیر بەدیدەکرێن، کە تیشکدەخەنە سەر باشترکردنی بارودۆخی رەفتاری و دەروونیی منداڵەکە، لەوانەش:
- چارەسەری سروشتی
- راهێنان بۆ باشترکردنی شێوازی قسەکردن
- بەشداریپێکردنی لە پرۆگرامە تایبەتەکانی خوێندن و فێربوون
- چارەسەرکردنی نەخۆشییە جەستەییەکان لە تووشبووەکەدا
- بەکارهێنانی چاویلکە و ئامێری گەورەکردنەوەی دەنگ بۆ باشترکردنی شێوازی بینین و بیستنی منداڵەکە
26/08/2024