لەبارەى دامەزراندنەوە نوسراوێک ئاراستەى پەروەردەکان دەکرێت

باڵەخانەی وەزارەتی پەروەردە
باڵەخانەی وەزارەتی پەروەردە

وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەبارەى دامەزراندنى مامۆستایانەوە نوسراوێک ئاراستەى پەروەردەکان دەکات و داوایان لێدەکات لە حەوت رۆژدا وردبینى لە لیستى مامۆستایانى وانەبێژ بکەن و بیگێڕنەوە بۆ دیوانى وەزارەت.

لە نوسراوێکدا کە واژۆى ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى لەسەرە و ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى، هەولێر، سلێمانى، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، سۆران، راپەڕین و خوێندنى کوردى لە کەرکوک کراوە و تێیدا هاتووە، "مامۆستایانى وانەبێژى دانەمەزراو دەکرێنە گرێبەستى هەمیشەیى لەسەر داهاتى ناوخۆ".

لە بەشێکى نوسراوەکەدا، داوا لە پەروەردەکان کراوە، لە ماوەى حەوت رۆژدا وردبینى لە لیستى ناوى مامۆستایانى وانەبێژ بکرێت و لیستەکان بگەڕێننەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتى گشتى دیوانى وەزارەتى پەروەردە.

بەگوێرەى نوسراوەکەى وەزارەتى پەروەردە، رۆژى 5ـى ئەیلولى 2024، کۆتا وادەى گەڕانەوەى لیستى ناوى مامۆستایانى وانەبێژە بۆ ئەوەى بکرێنە گرێبەستى هەمیشەیى.

رۆژى یەکشەممە 25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەت هەرێمی کوردستان، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار مامۆستا دەبێت بکرێنە گرێبەست.