راپۆرتێک: بەرزیی رێژەی فلۆر لە ئاودا ئاستی زیرەکیی منداڵان دادەبەزێنێت
راپۆرتێکی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەدات، زیادکردنی رێژەی فلۆر لە ئاودا بۆ دووهێندەی بڕی پەسەندکراو، کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر توانای زیرەکیی (IQ) منداڵان دەبێت.
لە چوارچێوەی راپۆرتێکی نوێدا کە لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لە پەیوەندیی نێوان بەرزیی رێژەی فلۆر لە ئاوی ماڵان و دابەزینی ئاستی زیرەکیی منداڵاندا کراوە، راپۆرتەکە پشتی بە کۆمەڵێک توێژینەوە بەستووە کە لە ماوەکانی رابردوودا خراونەتەڕوو.
لە ساڵی 2015ـەوە، ناوەندی جڵەوکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، رێژەی پەسەندکراوی فلۆری لە ئاوی ماڵاندا گۆڕیوە، بەجۆرێک پێش بڕیارەکە ئاستی رێگەپێدراوی فلۆر لە ئاودا، لەنێوان 0.7 بۆ 1.2 میلیگرام بۆ هەر لیترێکدا بوو، بەڵام لە چوارچێوەی بڕیارە نوێکەدا رێژەکە لە 0.7 میلیگرامدا جێگیرکرا. مەبەست لەم گۆڕانکارییە راگرتنی هاوسەنگییەک بوو لەنێوان سوودە ئەرێنییەکانی فلۆر و مەترسییە شاراوەکانیدا.
بوونی فلۆر لە ئاودا، ددانەکان بەهێز دەکات و ئەگەر کلۆربوونیان کەمدەکاتەوە، بۆیە فلۆر کاریگەرییەکی گەورەی لە پاراستنی تەندروستیی هاوڵاتییاندا هەیە، بەڵام هەندێک لە توێژینەوەکان باس کاریگەریی نەرێنیی فلۆر لەسەر ئاستی زیرەکیی منداڵان دەکەن، بەجۆرێک ئەنجامی یەکێک لە توێژینەوەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو منداڵانەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئاوی خواردنەوەیان رێژەیەکی بەرزی کلۆری تێدابووە، ئاستی زیرەکییان نزیکەی دوو بۆ پێنج پۆینت دابەزیوە.
راپۆرتەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستاش نزیکەی دوو ملیۆن هاوڵاتیی ئەمریکی، ئەو ئاوەی دەیخۆنەوە، رێژەی فلۆر تێیدا زیاتر لە 1.5 میلیگرامە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە ئاستەکە دەگۆڕێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، راپۆرتەکە باسی لەوە نەکردووە کە بەرزیی رێژەی فلۆر چ کاریگەرییەک لەسەر کەسانی پێگەیشتوو دادەنێت.
27/08/2024