کۆتەڵی چاو.. دێرینترین هونەری دەستسازی لە کوردستاندا
میزۆپۆتامیا، بەتایبەت میزۆپۆتامیای ژوورو (کوردستان)، لانکەی کۆنترین شوێنەواری جێگیربوونی مرۆڤە، هەر لە گرێ ناڤۆکێ (٩٥٠٠ پ.ز)، گردە کەچەڵ (٩٥٠٠ پ.ز)، نەوالا چۆری (٨٤٠٠ پ.ز)، بێستان سوور (٧٧٠٠ پ.ز)، و چەرمۆ (٧٥٠٠ پ.ز) و چەندین شوێنەواری تریش. ئەم ناوچانە سەرەتایترین داهێنانە هونەری و دەستسازییەکانی مرۆڤیان تێدا دۆزراوەتەوە. یەکێک لەم ناوچانەی کە دەستسازیی هونەری مرۆڤی تێدا دۆزراوەتەوە "تیل براک (نەوار، نەگار)" کە دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە، ڕۆژئاوای کوردستان، لەسەر ڕووباری خابوور. ئەم ناوچەیە، پاشماوەی نیشتەجێی ٦٥٠٠ پ.ز تێدا دۆزراوەتەوە. هەروەها، لەسەردەمێکدا ناوچەکە ناوەندی دەسەڵاتی هۆرییەکان (باوانی کورد) بووە.
لە ساڵی ١٩٣٧دا، هەڵکۆڵینە شوێنەوارییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ناوچەی "تێل براک" بەڵگەی شوێنەواری "پەرستگای چاو"یان دۆزیەوە، ناوەکەی لە دۆزینەوەی سەدان کۆتەڵی گچکەی چاوەوە ناونراوە کە هەندێکیان خرابوونە ناو دیواری پەرستگاکەوە. تێل براک هەروەها (نەوار و نەگار)ـیشی پێدەگوترێت، شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بووە لە هەزارەی شەشەمی پێش زاینەوە و یەکێک بوو لە یەکەم شارە گەورەکانی میزۆپۆتامیا کە دواتر وەک ناوەندێکی ئیداری ئیمپراتۆریەتی ئەکەدیەکان ڕۆڵی گێڕاوە. تەنانەت لە سەردەمی مسیشدا (هەزارەی چوارەم و سێیەمی پ.ز)، ناوچەکە ناوەندێکی لەڕادەبەدەر گرنگی بازرگانی بووە لە نێوان شارستانیەتەکانی میزۆپۆتامیای خوار و ژووروودا، ئەم ناوچەیە، ناوەندی بەستنەوەی هەردوو بەشەکەی میزۆپۆتامیا بووە.
ئەم کۆتەڵی –هەندێ لە شوێنەوارناسان بە "بت"ـیش ناوزەدیان دەکەن- مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتایی تا ناوەڕاستی ئوروکی باکوور، نزیکەی ٣٧٠٠-٣٥٠٠ پ.ز، هەتاوەکو ئێستا، مانا، ئەرک و بەهای ڕاستەقینەی ئەم کۆتەڵانە نەزانراوە، بەڵام پێدەچێت وەک پێشکەشکردنی نەزر لە پەرستگاکە دانرابن، چونکە "چاوی زەق" لە زۆربەی هونەرەکانی میزۆپۆتامیادا هێمای پەرستش و دۆخی نزا بۆ خواکان نیشان دەدەن. بەشێکی زۆری ئەم کۆتەڵانە لە بەرد (مەڕمەڕ) داتاشرا و نەخشێنراون، درێژیان لە ١٣سم زیاتر نییە، هەمیشەش دوو چاوی زەق بوو نیشان دەدەن. هەندێکیان چەندین چاویان تێدایە، هەندێکی تریان چاوی منداڵ دەنوێننەوە، ئەوانە چاویان بچووکترە و جەستەیان بە جەستەی کۆتەڵی گەورەکان بەستراوەتەوە. بێگومان، لە سەردەمی ئوروکی باکووردا پیشەوانان و هونەرمەندان توانستی هونەری و تەکنیکییان هەبوو بۆ ئەوەی نموونەی وردی فیگەر و دەموچاوی مرۆڤ بنەخشێنن، بەڵام لە دۆخی کۆتەڵی چاوەکاندا، ئەم شێوازی سادە نواندنەوەیە بە مەبەست بووە.
زانیارییەکی کەم لەبارەی کۆتەڵی چاوەکانەوە هەیە و ناوەکەیان تەنیا لە شێوە و دەرکەوتنیانەوە سەرچاوەی گرتووە. واتە، بەهۆی ئەوەی تیشکۆکە زیاتر لەسەر چاوە، ناونراون "کۆتەڵی چاو". سەرەڕای ئەمەش، چەندین گریمانە سەبارەت بە واتا و مەبەستیان پێشنیار کراوە. هەندێک لە شوێنەوارناسان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەک فیگەری نوێژکەر سەیریان دەکەن، وەک شێوازێک لە نوێژ یاخود نەزرکردن بۆ خواکان، لەبەرئەوەی بە تێپەڕبوونی کات لە سەرانسەری میزۆپۆتامیا، ئەم شێوازە کۆتەڵ و پەیکەرانە گەشە دەسەنێت کە هەموویان بەهۆی چاوە زەقکراوەکانیانەوە دەناسرێنەوە. هەروەتر، ئاماژە بەوەش کراوە، دۆخ و باری چاوی کراوە لەسەر کۆتەڵ و پەیکەرێکی ئایینی هێمای باوەڕ و پەرستشی قوڵ بووە بۆ خواکان. بەم شێوەیە، دەکرێت بگوترێت ئەم کۆتەڵانە ڕەنگە هەندێک لە سەرەتاییترین کەرەستە پەرستراوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک بووبێتن. هەروەها، هەندێ لە شوێنەوارناسانی دیکە پێیان وایە، هەندێ لە کۆتەڵەکان کە چاوەکانیان گەورەتر و کونن بەراورد بە ئەوانەی تر، ڕەنگە زیاتر بۆ مەبەستی کردەکی بەکاربرابن. واتە، پێدەچێت هەندێک لەو کۆتەڵە گەورانەی کە چاوەکانیان کون کراوە، ڕەنگە وەک ئامرازێک بۆ درووستکردنی دەزوو و هەوودا لە خوری و پەشم بەکارهێنرابێت، واتە دەزوو و هەودا بەناو چاوە کونکراوەکاندا ڕاهێشترابن، چونکە ڕاکێشانی دەزوو بەناو هەر کونێک و پێچانی دوو (یان سێ) ڕەنگی جیاواز لەوانە پێکەوە، مرۆڤ دەتوانێت جۆرێکی جوانتر و بەهێزتری پارچە و قوماشی ڕەنگاوڕەنگ بچنێت. ئەمە لە کاتێکدایە، بە پێی بۆچوونی هەندێک لە شوێنەوارناسان، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو تایبەتمەندییە خڕ و بازنەییانەی کە گریمانە دەکرێن چاو بن لەسەر ڕووخساری مرۆڤ، لە ڕاستیدا مەمک بن و ئەم بەشەی کە وەک ڕووخساری مرۆڤ دادەنرێت لە ڕاستیدا جەستەی مرۆڤە، بەواتەیەکی تر، چاوەکان مەمک و ڕووخسارەکە جەستەی مرۆڤە.
14/09/2023