داخورانی دیسکی بڕبڕەکان؛ هۆکار و چارەسەر

دیسکەکان جومگەی نێوان بڕبڕەکانن
دیسکەکان جومگەی نێوان بڕبڕەکانن

نەخۆشییەکانی پەیوەست بە بڕبڕی پشت، جۆریان زۆرە، یەکێک لە باوترین جۆرەکانی، داخورانی دیسکەکانی بڕبڕەی پشتە کە زیاتر لە کەسانی سەروو 40 ساڵدا باوە.

دیسکەکانی نێوان بڕبڕەی پشت پێکهاتەیەکی گرنگی جەستەن کە لە فایبەر و کڕکڕاگە پێکدێن، ئەم دیسکانە لەنێوان بڕبڕەکانی پشتدا جێگیربوون و ژمارەیان 23 دانەیە. دیسکەکان کارئاسانیی بۆ جووڵەی بڕبڕەکان بە ئاڕاستەی جیاوازدا دەکەن، هاوکات وا دەکەن کردەی چەمانەوە بە ئاسانی رووبدات.

لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەندا، دیسکەکانی بڕبڕەی پشتی هەموو کەسێک بە شێوەیەکی ئاسایی و وەکو بەشێک لە پرۆسەی پیربوون هێواش هێواش دادەخورێن. کاتێک یەکێک لەم دیسکانە بە ئەندازەیەکی زۆر تەنک دەبێتەوە، لەو کاتەدا رەنگە بڕبڕەکانی پشت بە جۆرێک لە جۆرەکان لە یەکتری بخشێن. لەوانەیە ئەم لێکخشانە ئازار و چەندین گرفتی دیکەی بەدوادابێت، لەوانەش:

  • تەسکبوونەوەی رێڕەوی دڕکەپەتک
  • دەرچوونی ئێسکی بڕبڕە لە شوێنی خۆی
  • گۆپکەکردنی دیسکەکان
  • چەمانەوەی بڕبڕەی پشت

بەگوێرەی توێژینەوەکان، نزیکەی 5%ـی کەسانی سەروو 40 ساڵ بەهۆی ئەم حاڵەتەوە ئازاری پشتیان هەیە. تاوەکو تەمەن زیاتر هەڵبکشێت، ئەگەری تووشبوون بەم گرفتە زیاتر دەبێت.

نیشانەکان

باوترین نیشانەی داخورانی دیسکەکانی بڕبڕە، بریتییەلە ئازاری پشت و مل، بەڵام دەشێت کەسەکە ئەزموونی کۆمەڵێک نیشانەی دیکەش بکات، گرنگرینیان بریتیینلە:

  • سڕبوونی پەلەکان
  • دروستبوونی ئازاری کتوپڕ
  • خراپتربوونی ئازارەکە لە کاتی دانیشتن و چەمانەوە و هەڵگرتنی کەرەستەکاندا
  • بڵاوبوونەوەی ئازارەکە بۆ ناوچەکانی قاچ و دەست

هۆکارەکان

وەک باسکرا، دیسکی نێوان بڕبڕەکانی پشت بە تێپەڕبوونی کات تەنک دەبنەوە، بەڵام ئەم داخوران و تەنکبوونەوەیە لە هەموو کەسێکدا نابێتەهۆی ئازار. ئازار کاتێک دروستدەبێت کە ئەگەر داخورانی دیسکەکان سەربکێشن بۆ کۆمەلێک گرفتی دیکە، لەوانەش:

وشکبوونەوە: لە ناوەوەی هەموو دیسکەکاندا، ناوک هەیە، کە بەشی زۆری پێکهاتەکەی ئاوە. لەگەڵ بەساڵاچووندا، ناوکی دیسکەکان بە شێوەیەکی سروشتی بەشێک لەم ئاوە لەدەستدەدەن، لە ئەنجامدا دیسکەکان تەنکدەبنەوە و ناتوانن بە باشی ئەو هێزە دەرەکییانەی لە کاتی جووڵە و بەرزکردنەوەی قورساییدا دەکەوێتە سەریان هاوسەنگبکەن.

درز یان دڕانی دیسک: بەرکەوتنی زەبرێکی دەرەکیی بچووک لە ماوەکانی بەساڵاچووندا، دەشێت دڕانی یەکێک لە دیسکەکانی بڕبڕەی لێبکەوێتەوە. دەکرێت دڕان و هاتنەدەرەوەی بەشێکی دیسکەکە زیان بە دەمارەکانی نزیک خۆی بگەیەنێت و ببێتەهۆی ئازار. خۆ ئەگەر دڕانەکە هێندە زۆر بێت کە بگاتە ناوەندی دیسکەکە، لەو کاتەدا لەوانەیە لینجەماددەی نێو ناوکی دیسکەکە بێتە دەرەوە و گۆپکە بکات. بەم جۆرەش فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر دڕکەپەتک.

کاتێک دیسکەکان تەنک دەبنەوە، گوشار دەخەنە سەر دەمارەکانی دەوروبەر.

مەترسییەکان

کۆمەڵێک فاکتەر کاریگەرییەکی بەرچاویان لە خراپبوونی ئەم حاڵەتەی بڕبڕەی پشتدا هەیە، لەوانەش بەرکەوتنی زەبر بە بڕبڕەکان، قەڵەوی، جگەرەکێشان، پەیڕەوکردنی کارێکی قورس بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و رەگەز (ئەگەری روودانی ئەم حاڵەتە لە خانماندا زیاترە).

دەستنیشانکردن

کاتێک هەست بە ئازارێکی ماوەدرێژ و نیشانەکانی ئەم تێکچوونە بڕبڕەییە دەکرێت، لەو کاتەدا پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی تەواوەتیی حاڵەتەکە و دابینکردنی چارەسەری گونجاو. لە چوارچێوەی چاوپێکەوتن لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕدا، پێدەچێت پزیشکەکە کۆمەڵێک لەم پرسیارانەی خوارەوە لە نەخۆشەکە بکات:

  • کەی ئازارەکە دەستیپێکرد؟
  • چ چالاکی و کارێک وا دەکات هەست بە ئازار بکەیت؟
  • چ چالاکییەک ئازارەکە دەگەیەنێتە لوتکە؟
  • چ چالاکییەک ئازارەکە کەمدەکاتەوە؟
  • ئایا هیچ زەبرێکی دەرەکی یاخود رووداوێک بووەتەهۆی سەرهەڵدانی ئەم ئازارە؟
  • هیچ کاتێک هەست بە سڕبوونی و مێروولەکردنی دەست و قاچەکانت دەکەیت؟
  • دەتوانیت بۆ ماوەی چەندێک پیادەڕەوی بکەیت؟

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، پزیشکەکە لەڕێگەی پشکنینی لەرینەوەی موگناتیسی (MRI)، سیتی سکان و تیشکی ئێکسەوە، هاوتەریب لەگەڵ بەکارهێنانی چەکوشی پزیشکی بۆ هەڵسەنگاندنی پەرچەکرداری قاچ بۆ تێگەیشتن لە چالاکیی دەمارەکانی جەستە، هەڵسەنگاندن بۆ فرمانی دەمارەکان و توندیی حاڵەتەکە دەکات.

چارەسەرکردن

بەدەر لە نووسینی دەرمانی پێویست بۆ ئەو هەوکردن و ئازارەی لە پشتدا دروستبووە، لەوانەیە پزیشکەکە کۆمەڵێک رێنمایی سوودبەخش بۆ نەخۆشەکە پێشنیازبکات، تاوەکو ئازارە جەستەییەکان بە رێگەیەکی سروشتی کۆنترۆڵبکرێت، لەوانەش:

راهێنان: راهێنانێکی سادە و ساکار، بۆنموونە پیادەڕەوییەکی کورتخایەن یانیش مەلەکردن، وا دەکەن ماسولەکانی پشت بەهێز ببن و کەمتر فشار بکەوێتە سەر بڕبڕەکان و ئازار دروستببێت.

سەهۆڵ و گەرمی: دانانی سەهۆڵ لەسەر پشت، یانیش گەرمکردنەوەی بۆ ماوەی 10 بۆ 15 خولەک و رۆژی سێ بۆ چوار جار، رەنگە هەوکردن و ئازاری پشت کەمبکاتەوە.

یۆگا: کشاندنی بەشەکانی جەستە و ئەنجامدانی یۆگا، کاریگەرییەکی باشیان لەسەر بارودۆخەکە دەبێت.

هەرچەندە بەگشتی بەشی زۆری حاڵەتەکان پێویستیان بە نەشتەرگەری نییە، بەڵام دەکرێت لە هەندێک کەیسدا پشت بە نەشتەرگەری ببەسترێت بۆ لابردنی بەشێک لە دیسکە تێکشکاوەکەی بڕبڕە و کەمکردنەوەی ئەو پەستانەی کەوتووەتە سەر دەمارەکان. ئەمە یەکێکە لە رێگەکانی نەشتەرگەری، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین شێوازی دیکەی نەشتەرگەری لەبەردەست پسپۆڕاندایە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکە.

رێگریکردن

دەکرێت پرۆسەی داخورانی دیسکەکانی بڕبڕە بەهۆی گرتنەبەری چەند رێکارێکەوە لە ژیانی رۆژانەدا کەمبکرێتەوە، هەندێک لە رێنماییەکان خۆیان دەبیننەوە لە:

  • رێکخستنی بارستایی لەش و خۆپاراستن لە قەڵەوی
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرە
  • وەرزشی بەردەوام بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکان