ئایا شیرینکەرە دەستکردەکان بۆ تووشبووانی شەکرە بەسوودن؟

کلیڤلاند کلینیک بابەتێکی نوێ ئاشکرا دەکات
کلیڤلاند کلینیک بابەتێکی نوێ ئاشکرا دەکات

بۆ تووشبووانی شەکرە، سنووردارکردنی بڕی شەکری خوراو، هەنگاوێکی گرنگە لە پرۆسەی جڵەوکردنی شەکرە و باشترکردنی بارودۆخی تەندروستیدا. کەواتە دەبێت هەوڵی دوورکەوتنەوە لە شەکر بدرێت، ئیدی چ بە دوورکەوتنەوەی راستەوخۆ بێت یاخود ناراستەوخۆ کە خۆی دەبینێتەوە لە بەکارهێنانی شیرینکەری دەستکرددا، بەڵام ئایا بەڕاستی ئەم جێگرەوەیە بەسوودە؟

شەکری دەستکرد چییە؟

هەموو مرۆڤێک رۆژانە ئارەزووی بۆ شەکر دەبێت، ئیدی چ کەسانی ئاسایی بن یانیش تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە. پێدەچێت تووشبووانی شەکرە هەوڵبدەن لەڕێگەی خۆراکە سروشییەکان و شیرینکەرە دەستکردەکانەوە ئەم ئارەزووەیان تێربکەن. نموونەی شیرینکەرە دەستکردەکان بریتییەلە ستیڤیا، ئەسپارتایم و سوکرالۆس. ئەم جۆرە شیرینکەرانە وزەیەکی کەم لەخۆدەگرن و لەڕووی تامەوە زۆر شیرینترن بە بەراورد بە شەکری ئاسایی. هاوکات ئەم جۆرە بەرهەمە بە هیچ جۆرێک ئاستی شەکری نێو خوێن بەرزناکاتەوە.

مەترسییەکان

ئەگەر شیرینکەری دەستکرد بە ئاستێکی مامناوەندی بەکاربهێنرێت، دەشێت ئارەزووی کەسەکە بۆ شەکر دابمرکێنێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە رەنگە هەندێک لە تووشبووان لە ئامادەکردنی خواردنە جۆراوجۆرەکانیشدا بەکاریبهێنن.

توێژینەوەیەکی کلیڤلاند کلینیک ئاماژە بەوە دەدات، بەکارهێنانی بێسنوور و لەڕادەبەدەری شیرینکەرە دەستکردەکان، دەشێت هۆکاربێت بۆ تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک.

پسپۆڕان باسە لەوە دەکەن کە بەکارهێنانی ئەم شیرینکەرە دەستکردانە ئاساییە، بەڵام دەبێت لە سنووری ئاسایی تێنەپەڕێنێت و زۆر بەکارنەهێنرێن.

سەرباری هەموو ئەمانەش، بەکارهێنانی ئەم جۆرە لە شەکر، وا دەکات ددانەکان کەمتر کلۆرببن، تەنانەت دەشێت کەسانی ئاساییش ئەم جۆرە شەکرە بەکاربهێنن، ئەگەر ویستی دوورکەوتنەوەیان لە شەکری سپی هەبێت.