مێژووی حەبی رێگریکردن لە دووگیانی

زانیارییەکان لە کتێبێکی زانکۆی ئۆکسفۆردەوە وەرگیراوە
زانیارییەکان لە کتێبێکی زانکۆی ئۆکسفۆردەوە وەرگیراوە

دۆزینەوە و خستنەڕووی دەرمانەکانی رێگریکردن لە دووگیانی، یەکێک بوو لە دۆزینەوە گەورەکانی سەد ساڵی رابردوو. ئەم حەبانە ئێستا بە جۆرێک باون کە مرۆڤایەتی هەموو ئەو مشتومڕ و رووبەڕووبوونەوە بەهێزانەی لەیادکردووە کە لە ماوەکانی سەرەتای دەرکەوتنی ئەم دەرمانەدا روویاندا.

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، دەیان جۆری جیاوازی حەبی رێگریکردن لە دووگیانی بەردەستن. زۆربەری هەرە زۆری حەبەکان لە هۆرمۆنێکی دەستکرد و هاوشێوەی پرۆجیسترۆن پێکدێن کە بە ”پڕۆجیستین“ دەناسرێت. ئەم هۆرمۆنە دەستکردە لە جەستەی خانماندا پرۆسەی دەردان و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی هاندەری چیکڵدانە (FSH) و هۆرمۆنی هاندەری تەنی زەرد (LH) رادەگرێت، کە هەردووکیان لە هەلومەرجی ئاساییدا هانی کردەی گەشە و دەرپەڕینی هێلە دەدەن. هاوکات دەرمانەکانی رێگریکردن لە دووگیانی بڕێکی کەم لە ماددەیەکی هاوشێوەی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لەخۆدەگرن، بە مەبەستی دامرکاندنەوە و رێگریکردن لە سەرهەڵدانی پرۆسەی خوێنبەربوون.

مێژوو

دۆزینەوەی ئەم حەبە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر دەستی پەرستارێکی ئەمریکی بە ناوی ”مارگەرێت سانگەر“ بوو. سانگەر خانمێکی کاسۆلیکیی بوو کە دایکی لە تەمەنی 50 ساڵیدا لە ئەنجامی دووگیانبوونی بە هەژدەیەمین منداڵ گیانیلەدەستدا.

ئەم پێشهاتە و هەموو ئەو ئەزموونانەی سانگەر خۆی لە ماوەی مەشقکردنی وەک پەرستارێکی مامانی پێیاندا تێپەڕبوو، لەوانەش مامانیکردن بۆ ئەو خانمانەی بە لەبارچوونێکی مەترسیدار و ئازاربەخشدا گوزەریان دەکرد، تاوەکو دەهات زیاتر و زیاتر هانی ئەم پەرستارەیان دەدا بۆ سووربون لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی جۆرە حەبێکی تایبەت بۆ رێگریکردن لە دووگیانی، بە ئامانجی پاراستنی ژیانی ئافرەتان.

مارگەرێت سانگەر، چالاکوان و پەرستار

لە ساڵی 1912 سانگەر دەستیکرد بە وتاردان و نووسین لەسەر بابەتی کۆنترۆڵکردنی دووگیانی. لە ماوەکانی سەرەتای سەدەی بیستدا، رێگریکردن لە پرۆسەی منداڵبوون لەڕووی ئایینییەوە بە هەموو شێوەیەک بە کارێکی قەدەغەکراو و دژەئایین پێناسەدەکرا، بەو هۆیەشەوە ململانێ و ناکۆکی لەنێوان سانگەر و کەسایەتییە ئایینییەکانی نێو کڵێسا کاسۆلیکییەکاندا دەستیپێکرد. لەلایەکی دیکەوە، بڵاوکراوەکانی سانگەر دژی یاسا سەپێنراوەکانی ئەو کاتەی حکومەتی ئەمریکا بوون.

ئەم خانمە پەرستارە لە ساڵی 1916 بۆ یەکەمین جار لە جیهاندا کلینیکی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی دووگیانی دامەزراند کە دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە بە زەبری هێز داخرا.

وێڕای هەموو ئاستەنگییەکان، سانگەر بەردەوام بوو، بەجۆرێک لە ساڵی 1921 رێکخراوی رێکخستنی دایبابانی پێکهێنا.

سانگەر توانی پزیشکێک بە ناوی ”گریگۆریی پینکس“ قایلبکات، تاوەکو وەک کەسێکی پسپۆڕ توێژینەوە لەبارەی چۆنیەتیی پەرەپێدان و دروستکردنی جۆرە حەبێکی تایبەت بە پێشگیریکردن لە دووگیانی ئەنجامبدات. هاوکات سانگەر توانی کۆمەڵیک پاڵپشتیی ئابووری لەلایەن رێکخراوە خێرخوازییەکانەوە بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی پزیشکەکە توێژینەوەکەی پێ ئەنجامبدات.

گریگۆری پینکس، توێژەر و بایۆلۆجیستی ئەمریکی

گریگۆریی پینکس ئەرکێکی سەخت و دژواری لەئەستۆگرتبوو، چونکە لەلایەکەوە یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانی ئەم توێژەرە پیاوانی ئایینیی نێو کڵێسا کاسۆلیکییەکان بوون کە بە توندی کردەی رێگریکردن لە منداڵبوونیان رەتدەکرەوە، لەلایەکی دیکەشەوە زۆربەری هەرە زۆری دامەزراوە سیاسییەکان دژی ئەم هەوڵە بوون. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هیچ یەکێک لە یاسا گشتییەکانی ئەوکات لە بەرژەوەندیی توێژەرەکەدا نەبوون.

پینکس لە ساڵی 1951 لە ویلایەتی ماساچووسێتسیی ئەمریکا دەستی بە کارەکانی کرد. کارەکە بە قورسییەکی زۆردا تێپەڕبوو، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچوو.

پینکس بە هاوبەشی لەگەڵ پرۆفیسۆری زانکۆی هارڤارد، د. جۆن رۆک کۆمەڵێک تاقیکردنەوەیان لەسەر پێدانی ماددەی پڕۆجیستین بە ئاژەڵان جێبەجێکرد. ئەنجامی توێژینەوەکان خۆی بینییەوە لە بەرهەمهێنانی دەرمانێک بە ناوی ”ئینۆڤید“ کە تێکەڵەیەک بوو لە هۆرمۆنی دەستکردی پڕۆجیستین لەگەڵ بڕێکی کەم لە ماددەی دەستکردی ئیسترۆجین مێسترانۆڵ.

گریگۆریی پینکس توانی ژمارەیەکی تاقیکردنەوەی کردەیی لەسەر مرۆڤ بە بەکارهێنانی دەرمانی ئینۆڤید لە ویلایەتی پۆیتۆ ریکۆ ئەنجامبدات. لەو سەردەمەدا لەم ویلایەتەی ئەمریکا هیچ یاسایەک یان سنووربەندییەک لە دژی کۆنترۆڵکردنی کردەی منداڵبوون و رێگریکردن لە دووگیانی لەئارادا نەبوو.

تاقیکردنەوەکان لەسەر مرۆڤ لە ساڵی 1956 دەستیانپێکرد، هەندێک لەو خانمانەی بەشداریی توێژینەوەکەیان کرد، دووچاری کۆمەڵێک کاریگەریی لاوەکیی دەرمانەکە بوونەوە، بەڵام دوابەداوی بەرفراوانکردنی زیاتری توێژینەوەکە، رابەرانی توێژینەوەکە گوتیان: ”کاریگەرییە لاوەکییەکە پەیوەندیی بە خودی دەرمانەکەوە نییە.“

لە مانگی ئاداری ساڵی 1960، دەرمانی ئینۆڤید لەلایەن دامەزراوەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکاوە مۆڵەتی فەرمیی پێبەخشرا، تاوەکو وەکو یەکەمین دەرمانی رێگریکردن لە دووگیانی بەکاربهێنرێت کە لەلایەن کۆمپانیای ”سێڵ“ـەوە بەبازاڕکردنی بۆ دەکرا.

لە ماوەی چەند ساڵیکی کەم پاش دانپێدانانی دەرمانەکە لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە، ملیۆنان ئافرەت لە سەرانسەری جیهاندا ئەم حەبەیان وەرگرت و لە هەمانکاتیشدا ژمارە و جۆری دەرمانە بەردەستەکان بۆ رێگریکردن لە دووگیانی روویان لە زیادبوون کرد.

پاش هەموو ئەم پێشهات و گۆڕانکارییانە، بەڵام هەر ترسێکی بەردەوام لەئارادابوو سەبارەت بە سەرهەڵدانی کاریگەریی لاوەکی بەهۆی وەرگرتنی دەرمانەکەوە.

لە ساڵی 1969 پزیشکێک بە ناوی ”باربارا سیموون“ راپۆرتێکی لەژێر ناوی ”کەیسەکانی پزیشکێک لە دژی حەبی پێشگیریکردن لە دووگیانی“ بڵاوکردەوە و ژمارەیەکی کاریگەریی لاوەکیی مەترسیداری خستبووە بەرباس، لەوانەش مەترسیی کڵۆبوونی خوێن، جەڵتەی دڵ و مێشک، خەمۆکی، زیادبوونی کێش و لەدەستدانی ئارەزووی سێکسی.

مشتومڕ و قسەوباسەکان لەبارەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکەوە، بەتایبەت کاریگەریی کڵۆبوونی خوێن، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام بوو. تەنانەت لە ساڵی 1979 فرۆشی حەبەکانی رێگریکردن لە دووگیانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە رێژەی 24% دابەزی.

ئەم گرفتە بەهۆی بەجێهێنانی ژمارەیەک تاقیکردنەوە و دەستکەوتنی کۆمەڵێک ئاماری گرنگ، بەتەواوی روونبووەوە.

دووبارە تاقیکردنەوەکان بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە بە بەشداریی هەزاران خانم دەستیانپێکرد و بۆ ماوەی دەیان ساڵ بەردەوام بوو. دواجار ئامارەکان لە ماوەی مانگەکانی ئاب، ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ساڵی 2009 لە رۆژنامەی پزیشکیی بەریتانیا بڵاوکرانەوە.

پوختەی ئەنجامەکە بریتیبوو لەوەی دەرمانەکە مەترسیی کڵۆبوونی خوێن تاڕادەیەک زیاددەکات کە کاریگەریی دەکاتە سەر کەمینەیەک لە بەکارهێنەرانی دەرمانەکە.

بەگشتی و لە هەلومەرجی ئاساییدا، مەترسیی کڵۆبوونی خوێن لە خانماندا بە رێژەی 5 کەسە لە هەر 100 هەزار خانمێکدا. لە کاتی وەرگرتنی دەرمانی پێشگیریکردن لە دووگیانیدا، ئەم مەترسییە سێ بۆ پێنج هێندە زیاددەکات، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی دەرمانەکە لە بازاڕەکاندا قەدەغەبکرێت یانیش بکشێنرێتەوە.

بەگشتی چەشنە جیاوازەکانی دەرمانی رێگریکردن لە دووگیانی سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێنا، بەجۆرێک لە رۆژگاری ئەمڕۆدا زۆربەی خانمان پشت بەم حەبە دەبەستن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، لە ماوەکانی رابردوودا دەیان گفتوگۆ و دیبەیت لەبارەی پرسی کەمبوونەوەی دانیشتووانی هەندێک وڵات لە ئەنجامی وەرگرتنی ئەم حەبە کرا، بەجۆرێک لە هەندێک شوێن ژمارەی منداڵانی خێزانەکان بۆ کەمتر لە دوو منداڵ دابەزیوە کە وا پێویست دەکات بە هاوسەنگی بمێنێتەوە.

بێگومان ئەگەر کۆچکردنی بەردەوامی پەنابەران بۆ ئەمریکا و ئەوروپا بەم جۆرە بەردەوام نەبووایە، گرفتی کەمبوونەوەی دانیشتووان زیاتر پەرەی دەسەند. بە کورتی، کاریگەریی کەمبوونەوەی رێژەی لەدایکبوون لە ئەنجامی هۆکارەکانی رێگریکردن لە دووگیانی، بەهۆی هاتنی بەلێشاوی کۆچبەران بۆ ئەم وڵاتانە هاوسەنگ بووە.