ماکس ستاینەر (باوکی موزیکی فیلم) بناسە

ماکس ستاینەر ناوی تەواوی ماکسیمیلیان رائول واڵتەر ستاینەرە، موزیکدانەر و رابەرێکی دیاری ئۆکسترایی نەمسایی بوو. ئەو لە ساڵی 1888 لە ڤیەننا لەدایکبووە. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە توانایەکی سەرسوڕهێنەری لە بواری موزیکدا هەبوو و ئەو بەیەکێک لە خوێندکارە دیارەکانی موزیکداری دیاری نەمسایی گوستاڤ ماهلەر دادەنرێت.

لە تەمەنی 16 ساڵیییەوە دەستی بە کارکردنی پیشەیی موزیکی کردووە، بە دیارترین بەڕێوەبەرانی ئۆرکێسترا و بە بەرهەمدارترین موزیکدانەرانی فیلمە دیارەکانی هۆلیوود دادەنرێت.

ماکس ستاینەر لە کاتی رابەرایەتی کردنی ئۆرکێسترادا

ماکس ستاینەر توانایەکی کەم وێنەی لە دانانی موزیکی فیلمدا بوو، بەهرە ناوازەکەی بە جۆرێک بوو کە یەکەم ئۆپەرێتی لە تەمەنی 12 ساڵیدا نووسیووە و لە تەمەنی 16 ساڵیدا وەک موزیکدانەر و رابەری ئۆرکێسترا بەشێوەیەکی پیشەگەرانە لە نێو موزیکی کلاسیکی رۆژئاوادا دەستی بەکارکردن کردووە.

ماکس ستاینەر لە ساڵی 1929 بریار دەدات نەمسا بەجێبهێڵێت و ڕووی لە ئەمریکا دەکات، چالاکی و توانا هونەرییەکەی دەبنە هۆکارێک لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە یەکێک لە دیارترین کارەکتەرەکانی نێو دروستکردنی موزیکی فیلم و هەر بەزووی هۆلیوود دەکاتە ئەو شوێنەی، کە تەواوی تواناکانی تێیدا بەگەڕ بخات و دەست بەنوسینی شاکارە موزیکییەکانی لە بواری فیلم بکات.

ماکس ستاینەر لە ماوەی تەمەنی هونەریدا زیاتر لە 300 تراکی دەنگی بۆ کۆمپانیای RKO Pictures و Warner Bros نووسیوە. هەر بەهۆی ئەم کارانەیەوە، و 24 جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار پاڵێوراوە و چوار خەڵاتی بەدەستهێناوە. لە هەمان کاتدا یەکەم وەرگری خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبە بۆ باشترین موزیکی فیلم، کە بەهۆی موزیکی فیلمی "ژیان لەگەڵ باوک" ئەو خەڵاتەی بەدەستهێناوە. ئەوهاوشانی موزیکدانەرانی وەک دیمیتری تیۆمکین، فرانز واکسمان، ئێریک ڤۆڵفگانگ کۆرنگۆڵد، ئەلفرێد نیومان، بێرنارد هێرمان و میکلۆس ڕۆخا، کە بە کاریگەرترین کەسایەتیە موزیکییەکانی ئەو سەردەمە هەژمار دەکرێن، رۆڵێکی کارا و سەرەکیی هەبووە لە دروستکردنی نەریتی نووسینی موزیکی تایبەت بە فیلمە سینەماییەکان و بەڵام لەبەر پڕبەرهەمی و جیاوازی و داهێنانەکانی لە نێویاندا ​​ناسناوی " باوکی موزیکی فیلم"ی لێنراوە.

ماکس ستاینەر لە کاتی موزیکداناندا

گەرچی خاوەنی دەیان شاکارە، بەڵام موزیکەکانی: "جیزابێل" لە ساڵی 1838، "ژنە بچووکەکان" لە ساڵی 1933، "کینگ کۆنگ" لە ساڵی 1933، "کازابلانکا" لە ساڵی 1942 بەشاکارە ناوازەکانی دادەنرێن، هاوکات موزیکی فیلمی (Gone with the Wind)ی، لە لیستی باشترین فیلمە ئەمریکییەکان لە پلەی دووەمدایە.

 جگە لە بواری موزیک ستاینەر وەک هاوکارێکی گرنگی دەرهێنەرە بەناوبانگەکانی وەک: مایکل کورتیز، جۆن فۆرد، ویلیام وایلەر، سێ دەرهێنەری بەناوبانگی فیلم، هەروەها بۆ زۆرێک لە فیلمەکانی ئێرۆل فلین، بێت دەیڤس، هامفری بۆگارت و فرێد ئەستێر بووە. ئەو بەرادەیەک کاریگەری لەسەر رەوتی موزیکی فیلم هەبووە، لە داهێنان و تەکنیکەکانی بوونە جۆرێک لە ستانداردەکانی شێوازی نووسینی موزیکی فیلم، هەر بۆیەش بە یەکێک لە موزیکدانەرە هەرە دیار،  سەرەکی و کاریگەرەکانی مێژووی موزیکی بواری فیلمسازی دادەنرێت. دواجار ستاینەر لە تەمەنی 83 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی دڵەوە لە هۆلیوود کۆچی دوایی کرد. لە گۆڕستانی فۆڕێست لاون میمۆریال پارک لە شاری گلێندەیلی ویلایەتی کالیفۆرنیا بە خاک سپێردرا، بەڵام دەیان شاکاری مێژووی وەک میراتێک بۆ جیهانی موزیکی فیلمی  جێهێشتووە و ناسناوی باوکی موزیکی فیلمی بۆ هەمیشە لەگەڵ خۆیدا بردووە .