پسپۆڕێک: بەکارهێنانی کرم بۆ چارەسەری دەوالی کارێکی نازانستییە

د. دیلان ئەحمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ، دڵ و بۆرییەکانی خوێن
د. دیلان ئەحمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ، دڵ و بۆرییەکانی خوێن

نەخۆشیی شەکرە و دەوالی، دوو لە حاڵەتە باوەکانن لەنێو هاونیشتمانییاندا. لە چوارچێوەی چاوپێکەوتنێکی کەناڵ8ـدا پسپۆڕێک باسی لە لێکەوتە نەرێنییەکانی نەخۆشیی شەکرە و شێوازی چارەسەرکردنی دەوالی کرد.

شەکرە و رەشبوونەوەی پێ

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 400 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشبووی نەخۆشیی شەکرەن و ساڵانە زیاتر لە 1.5 ملیۆن کەس بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانلەدەستدەدەن.

د. دیلان ئەحمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ، دڵ و بۆرییەکانی خوێن بە کەناڵ8ـی راگەیاند: ”ئەوانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، لەوانەیە تووشی تەسکبوونەوەی بۆریی خوێن ببن، بۆیە گرنگە پابەندی وەرگرتنی دەرمان و رێنماییە پزیشكییەکان بن. هاوکات دەبێت ساڵانە پشکنینی هەڵسەنگاندنی بۆرییەکانی خوێن ئەنجامبدەن، خۆ ئەگەر وا نەکرێت، رەنگە بە تێپەڕبوونی کات پێیەکانیان تووشی رەشبوونەوە ببن و پێویستیان بە بڕینەوە هەبێت.“

پزیشکەکە باسی لەوە کرد، مەرج نییە هەموو کەسێک بگات بەم بارودۆخە. سەرهەڵدانی حاڵەتەکە پشت بە پابەندبوون بە رێنماییەکانی خۆپارێزی دەبەستێت. هەنگاوە گرنگەکانی خۆپاراستن لە کاتی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەدا، بە گشتی خۆیان دەبیننەوە لە:

  • وەرزشکردن، هەفتانە بە لایەنی کەمەوە 150 خولەک وەرزش بکرێت
  • دوورکەوتنەوە لە شەکر، یانیش بەکارهێنانی شەکری دەستکرد
  • رێکخستنەوەی بارستایی لەش و خۆپاراستن لە قەڵەوی
  • پەیڕەوکردنی بەرنامەیەکی خۆراکیی تەندروستانە
  • خۆپاراستن لە گوشاری دەروونی
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرە و کحول

دەوالی

دەوالی بریتییەلە هەڵئاوسانی خوێنهێنەرەکانی ناوچەیەکی جەستە، بەهۆی لاوازبوونی زمانەی نێو خوێنهێنەرەکان. بۆماوەیی و دووگیانی دوو لە هۆکارەکانی روودانی ئەم حاڵەتەن. لەلایەکی دیکەوە، وەستانی بەردەوام و قەبزی دووبارە کاریگەرییەکی نەرێنییان لە سەرهەڵدانی ئەم حاڵەتەدا دەبێت.

بەگوێرەی توێژینەوەکان، سێیەکی خەڵکی لە ماوەی تەمەنیاندا تووشی دەوالی دەبن. ئەم حاڵەتە زیاتر لەنێو خانماندا باوە.

قەڵەوی و جگەرەکێشان، کاریگەرییەکی نەرێنییان لە کەمکردنەوەی جیڕی و توانای کشانی لووکەکانی خوێندا هەیە، کە دەکرێت لێکەوتی ماوەدرێژی ئەم بارودۆخە، سەرهەڵدانی دەوالی بێت.

بە گوتەی پسپۆڕەکە، نابێت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ مرۆڤ بەپێوە بووەستێت و هیچ جووڵەیەکی نەبێت، بەڵکو باشترە جووڵە بە قاچەکان بکرێت، تاوەکو کردەی رۆشتنی خوێن بە نێو لوولە خوێنەکانی قاچەکاندا بۆ سەرەوە ئاسانتر ببێت.

هەندێک خەڵکی پشت بە جۆرێک لە چارەسەر دەبەستن کە تێیدا کرم بۆ چارەسەرکردنی دەوالی قاچ بەکاردەهێنرێت، بەڵام د. دیلان ئاماژەی بەوەدا کە ئەم کارە بە هیچ شێوەیەک زانستیی نییە و تەنانەت دەکرێت زیانی تەندروستیشی هەبێت.

د. دیلان گوتی، چارەسەری زانستیی دەوالیی قاچەکان بریتییە لە کارکردن لەسەر زمانە لاوازبووەکانی نێو لوولەکانی خوێن، بەڵام گرنگە زوو سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، چونکە ئەگەر زۆر درێژە بکێشێت، لەوانەیە نەخۆشەکە تووشی برین ببێت و برینەکەش چاکنەبێتەوە.

لە کۆتاییدا د. دیلان باسی لەوە کرد، پێشتر چارەسەرەکانی دەوالیی قاچ هەموویان لە هەرێمی کوردستان بەردەست نەبوون، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا سەرجەم چارەسەرەکان بە نرخی گونجاو لە پارێزگای سلێمانی بەردەستن.