توێژینەوەیەک: گۆڕینی رەنگی چاو مەترسیدارترین نەشتەرگەریی جوانکارییە

لە جیهانێکدا کە هەموو کەسێک بەدوای نایاببوونی رەهادا وێڵە، تاوەکو دێت خەڵکی زیاتر و زیاتر پەنا بۆ نەشتەرگەریی جوانکاری دەبەن.

توێژینەوەیەکی ئەمریکیی نوێ باس لەوە دەکات، ئەنجامدانی نەشتەرگەریی ناپێویست، بەدەر لە زیانە ماددییەکەی، دەشێت چەندین مەترسیی تەندروستیی گەورەش بهێنێتەئاراوە.

بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکە، مەترسیدارترین نەشتەرگەری بریتییەلە نەشتەرگەریی گۆڕینی رەنگی چاو، بەجۆرێک ئەگەری سەرهەڵدانی لێکەوتەی نەرێنی لە کەسەکەدا لە پاش نەشتەرگەری نزیکەی 92%ـە. ئەم نەشتەرگەرییە مەترسیدارە کە تاوەکو ئێستا ناوەندی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا پەسەندی نەکردووە، دەکرێت ببێتەهۆی لەدەستدانی بینایی، ئاوی رەش، ئاوی سپی، هەستیاری، هەوکردن و چەندین مەترسیی نەخوازراوی دیکە.

لەگەڵ ئەوەشدا، کاتی خایانراو بۆ چاکبوونەوەی نەشتەرگەرییەکە لەنێوان یەک بۆ هەشت هەفتەدایە و نرخەکەی بە تێکڕا نزیکەی 12 هەزار دۆلارە.

دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا، ئەم نەشتەرگەرییە تەنیا لە کاتێکدا بە پەسەندکراو و گونجاو دادەنێت کە ئەگەر گلێنەی چاوی کەسێک تووشی تێکشکان و زەبری دەرەکی بووبێت و پێویستی بە نەشتەرگەری بێت.

هەریەکە لە نەشتەرگەرییەکانی بەرزکردنەوەی پێستی ران و سمت، لە پلەی دووەم و سێیەم مەترسیدارترین جۆری نەشتەرگەریی جوانکاریدان، بەجۆرێک ئەگەرێکی گەورەی تووشبوون بە هەوکردن، هەستیاری و کڵۆبوونی خوێن دەهێننەئاراوە.