داهاتى نەوتیى عێراق هەشت ملیار و 320 ملیۆن دۆلارە
وەزارەتى نەوتى عێراق لە مانگى تەمموزدا زیاتر لە 108 ملیۆن بەرمیل نەوتى خاوى هەناردەکردوە و داهاتەکەشى زیاتر لە هەشت ملیار دۆلارە.
کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق "سۆمۆ"، ئامارى کۆتایی هەناردەکردنى نەوتى خاوى لە مانگى تەمموزدا بڵاوکردەوە، بە گوێرەى ئامارەکە، 108 ملیۆن و 53 هەزارو 356 بەرمیل نەوتى خاو هەناردەکراوە.
بەگوێرەى ئامارەکە، لەو بڕە 106 ملیۆن و 125 هەزارو 200 بەرمیلى لە کێڵگە نەوتییەکانى باشوور و ناوەڕاستەوە بووە، تێکڕاى هەناردەکردنى نەوت لە کێڵگەى گەیارە ملیۆنێک و 928 هەزار و 156 بەرمیل بووە.
بە گوێرەى خەمڵاندنەکان، تێکڕاى فرۆشتنى بەرمیلێک نەوتى خاوى عێراق 77 دۆلار بووە و کۆى داهاتى فرۆشى نەوت لە مانگى تەمموز هەشت ملیار و 320 ملیۆن دۆلار بووە.
لە مانگى تەممووزدا بەراورد بە مانگى حوزەیران، بڕى هەناردەکردنى نەوتى خاوى عێراق، زیاتر لە پێنج ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل زیادیکردووە، بەو پێیەى لە مانگى حوزەیراندا 102 ملیۆن و 314 و 548 بەرمیل بووە.
29/08/2024