پێنجەم کۆنفرانسی نەخۆشییەکانی پێست لە دهۆک بەڕێوەدەچێت
وا بڕیارە لە رۆژی پێنج و شەشی مانگی داهاتوودا، لە زانکۆی دهۆک پێنجەمین کۆنفرانسی پێست بەڕێوەبچێت.
د. محەمەد یوسف، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و یەکێک لە رێکخەرانی کۆنفرانسەکە بە کەناڵ8ـی راگەیاند ”ئامانج لەم کۆنفرانسە گفتوگۆکردنە لەسەر نوێترین رێگەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست و رەهەندە جیاوازەکانی نەخۆشییەکانی پێست، هاوکات باس لە سەرجەم نەخۆشییە سەرەتاییەکان و نەخۆشییە قورسەکانی پێست دەکرێت.“
بە گوتەی دکتۆرەکە، ئەم کۆنفرانسە لە ئاستێکی بەرزی زانستیدا بەڕێوەدەچێت، بەجۆرێک تەنیا پزیشکانی ناوخۆی کوردستان بەشدار نابن، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان لە چەندین وڵاتی جیاجیاوە پزیشكی پسپۆڕی پێست بانگێشتدەکرێن.
یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی کۆنفرانسەکە، تێڕامانە لە نەخۆشیی سەدەف. د. محەمەد باسی لەوە کرد، ئەوانەی تووشبووی ئەم نەخۆشییەن، ئەگەری تووشبوونیان بە بەرزەفشاری خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ و رۆماتیزم بەرزە. توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن، نزیکەی سێیەکی ئەوانەی سەدەفیان هەیە، لە داهاتوودا تووشی نەخۆشیی رۆماتیزم دەبن.
یەکگرتنی قەڵەوی و نەخۆشیی سەدەف کاریگەرییەکی نەرێنیی گەورەی لەسەر جەستەی کەسەکە دەبێت، هەر بۆیە دەبێت رێگری لە زیادبوونی کێشی جەستە بکرێت.
نەخۆشیی سەدەف
سەدەف نەخۆشییەکی پێستی دژەخۆییە. کاتێک ئەم نەخۆشییە لە بەشێکی پێستدا سەرهەڵدەدات، ئەو بەشەی پێست ئەستووردەبێت، هاوکات خوران و سووربوونەوەی تێدا روودەدات، ئەم نەخۆشییە تاوەکو ئێستا چارەسەری تەواوەتیی نییە.
سیستمی بەرگریی مرۆڤ بەرپرسیارە لە لەناوبردنی تەنە نامۆکانی وەکو بەکتریا و ڤایرۆس، بەڵام هەندێک کات دەشێت کۆئەندامی بەرگری بە هەڵە پەلاماری ناوچەیەکی دیاریکراوی پێست بدات، بەم جۆرەش هەوکردن و هەڵئاوسان لەو ناوچەیەدا دروستدەبێت کە دەکرێت ببێتەهۆی سەرهەڵدانی نەخۆشیی سەدەف.
خانەکانی پێست بە شێوەیەکی ئاسایی سێ بۆ چوار هەفتە جارێک نوێدەبنەوە، بەڵام ئەوانەی بەشێکی پێستیان تووشی سەدەف بووە، لەو بەشەی جەستەیاندا تەنیا 3 بۆ 7 رۆژ پێویستە بۆ ئەوەی پێستەکە نوێببێتەوە، بەم جۆرەش چینەکانی پێست کەڵەکە دەبن و چینێکی ئەستووری پێست لەسەر لەشی تووشبووەکە دەردەکەوێت.
نەخۆشیی سەدەف دەکرێت لە هەموو تەمەنێکدا رووبدات، بەڵام زۆرترین حاڵەتەکان لەنێوان تەمەنی 20 بۆ 30 ساڵی و 50 بۆ 60 ساڵیدا تۆماردەکرێن. توندیی حاڵەتەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، بۆ هەندێک رەنگە نەخۆشییەکە تەنیا سووربوونەوەی پێست و ئەستووربوونی بێت، لە کاتێکدا بۆ هەندێکی دیکە دەشێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کوالێتیی ژیانیان هەبێت.
مەترسییەکان
کاتێک کەسێک تووشبووی سەدەفە، بەرکەوتنی ئەو ناوچەیەی پێست کە نەخۆشییەکە تێیدا سەریهەڵداوە، وا دەکات بارودۆخەکە خراپتر ببێت و کەسەکە هەست بە ئازار و خورانی زیاتر بکات، هاوکات کۆمەڵێک فاکتەری دیکە حاڵەتەکە خراپتر دەکەن، لەوانەش:
- گوشاری دەروونی
- نەخۆشیی بەکتریایی پێست
- بەرکەوتنی زەبری دەرەکی بەو ناوچەیەی پێست
- ژمارەیەک لە دەرمانەکانی بەرزەفشاری خوێن
- گۆڕانی لەناکاوی پلەی گەرمیی دەوروبەر
ئایا نەخۆشیی سەدەف دەگوازرێتەوە؟
سەدەف نەخۆشییەکی گوازراوە نییە؛ بەرکەوتنی راستەوخۆ بە پێستی کەسی تووشبوو، بە هیچ جۆرێک هۆکار نییە بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکە.
چارەسەر
وەکو باسکرا، ئەم حاڵەتە چارەسەری تەواوەتی نییە، بەڵام کۆمەڵێک دەرمان بەدیدەکرێن کە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە بۆ جڵەوکردنی نەخۆشییەکە دەنووسرێن، گرنگترینیان:
- کرێم و شێدارکەرەوەی تایبەت بە پێست
- دەرمانی کەمکردنەوەی هەوکردن
- کرێمی ڤیتامین ئەی
- مەرهەمی ڤیتامین دی
30/08/2024