نزیکبوونەوەی منداڵێک لە مردن ناوی دەخاتە کتێبی گینسەوە
مایکڵ پاتریک بۆنۆکۆری ئەمریکی، رۆژی 23ـی ئاداری ساڵی 2008 بەهۆی بەرزبوونەوەی شەکری خوێنیەوە ناوی چووە کتێبی گینسەوە.
مایکڵ بۆنۆکۆر لەو کاتەدا تەمەنی شەش ساڵان بووە و پاش ئەوەی لە نەخۆشانەیەکی ویلایەتی پەنسلڤانیا دەخەوێنرێت و پشکنینی بۆ دەکرێت، دەردەکەوێت کە رێژەی شەکری خوێنی 2656 میلیگرام/دێسیلیتر بووە، بەمەش ناوی دەچێتە کتێبی گینسەوە.
رێژەی شەکری خوێنی کەسێکی تەندروست لەنێوان 80 بۆ 120 میلیگرام/دێسیلیتردایە. کاتێک رێژەی شەکری خوێن دەگاتە 500 میلیگرام/ دێسیلیتر، کەسەکە دەچێتە کۆماوە و ئەگەر چارەسەری بۆ نەکرێت لەوانەیە گیانلەدەستبدات.
خێزانی مایکڵی تەمەن شەش ساڵ (ئێستا تەمەنی 22 ساڵە) دانیشتووی نیو جێرزی بوون، لەو کاتەدا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لە گەشتکردن بوون، ئێستا کەباسی دەکاتەوە دەڵێت "ئەو کاتە خێزانەکەم وایاندەزانی کە هەوکردنێکی ئاساییم هەیە، بۆیە نیشانەکانم زۆر بەهەند وەرنەگیران." پاش ئەوەی رۆژبەڕۆژ نیشانەکانی مایکڵ بەرەو خراپتر دەچوون، لەکۆتاییدا وایلێهات کە توانای رۆشتنی نەما، هەربۆیە دایکوباوکی بردیان بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک ئەو شوێنەی لێیدەمانەوە و مایکڵ لەوێ لەهۆشخۆیچوو.

پاش ئەوەی لە نەخۆشخانە پشکنینی بۆ دەکرێت، دەردەکەوێت رێژەی شەکری خوێنی مایکڵ لە ئاستێکی مەترسیدارایە و پێشتر هیچ کەسێک لەو ئاستەدا نەماوەتەوە لە ژیان. پزیشکان نەخۆشییەکەی بە جۆری یەکی شەکرە دەستنیشاندەکەن و بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نەخۆشخانەکە دەمێنێتەوە و چارەسەری پێویست وەردەگرێت. ئێستا مایکڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەی رۆژانە لەڕێگەی پەمپێکەوە ئنسۆلین وەردەگرێت؛ "ئێستا خۆم دەزانم کەی رێژەی شەکر لە خوێنمدا بەرزدەبێتەوە و کەی دادەبەزێت، هەروەها هەندێک رێنمایی و هەنگاو لە ژیانمدا هەن کە دەتوانم کۆنترۆڵی رێژەی شەکری خوێنمی پێبکەم."
31/08/2024