ئایا دەردەڕێوی دەگوازرێتەوە؟
بەگوێرەی توێژینەوەکان، لە 1000 کەسدا یەکێکیان تووشی دەردەڕێوی دەبن. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تووشبووی ئەم حاڵەتەن.
دەردەڕێوی دژەخۆییە نەخۆشییەکە کە دەبێتەهۆی لەدەستدانی موو، بەڵام نەمانی تاڵەکان بەجۆرێک دەبێت کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە چەند ناوچەیەکی جەستەدا روودەدات، یانیش دەبێتەهۆی ئەوەی سەرجەم مووەکانی جەستە لەناوبچن. ئەم حاڵەتە دەکرێت لە هەموو بەشێکی لەشدا رووبدات، بەڵام بەگشتی زۆربەی جار لە مووەکانی سەردا دێتەئاراوە.
هۆکاری سەرهەڵدانی دەردەڕێوی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆئەندامی بەرگری بە هەڵە لە دژی رەگی مووەکان لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی جەستەدا چالاکدەبێت و لە ئەنجامدا مووەکانی ئەو ناوچەیە لەناودەچن.
جۆرەکان
دەردەڕێوی چەندین جۆری جیاوازی هەیە، پۆلێنکردنی جۆرەکانی نەخۆشییەکە بەگوێرەی ئاستی وەرینی مووەکانی جەستە دەبێت. هەندێک جۆری نەخۆشییەکە دەبنەهۆی لەدەستدانی سەرجەم تاڵە قژەکانی سەر. هەندێکی دیکە وا دەکەن هەموو مووەکانی جەستە هەڵبوەرن، لە کاتێکدا جۆرەکانی دیکە سەردەکێشن بۆ لەناوچوونی مووەکان لە شێوەی بەش بەشدا. واتا بە رووکەش ناوچەیەکی بازنەیی بێ موو لەسەر جەستە یان سەر دەردەکەوێت، یانیش لەوانەیە تەنیا قژی کەسەکە تەنکببێتەوە، بەبێ ئەوەی هەموو تاڵەکان بە تەواوی بڕوتێنەوە.
نیشانەکان
باوترین نیشانەکان نەخۆشییەکە بەگشتی بریتینلە:
- دەرکەوتنی ناوچەیەکی بازنەیی بێ موو لەسەر شوێنێکی دیاریکراوی جەستە، لەوانەش مووەکانی سەر، دەموچاو، برۆ، ریش و برژانگ
- لە قەراخی ناوچەکەوە بە ئاسانی دەتوانرێت بەدەست موو هەڵبکەنرێت
- دەرکەوتنی چاڵی بچووک لەسەر نینۆکەکان
- خوران و سووربوونەوەی ئەو ناوچەیەی مووەکانی تێدا وەریون
- دەرکەوتنی مووی سپی
مەترسییەکان
دەکرێت هەموو کەسێک تووشی ئەم حاڵەتە ببێت، بەڵام گوشاری دەروونی و بۆماوەیی کاریگەرییەکی گەورەیان لە سەرهەڵدانی گرفتەکەدا هەیە.
نەخۆشیی دەردەڕێوی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر تەندروستیی تووشبووەکە نابێت، بەڵام لەوانەیە لەڕووی دەروونییەوە تاڕادەیەک کاریگەرییەکی نەرێنی بەجێبهێڵێت، بەجۆرێک ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ زیاتردەکات.
ئایا نەخۆشییەکە دەگوازرێتەوە؟
دەردەڕێوی نەخۆشییەکی گوازراوە نییە؛ بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ پێستی کەسی تووشبوو یان هەر هۆکارێکی دیکە، بە هیچ جۆرێک نابێتەهۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە.
چارەسەرکردن
نزیکەی 90%ـی تووشبووان بە تێپەڕبوونی کات دووبارە مووە لەدەستدراوەکانی جەستەیان گەشەدەکەنەوە، بەڵام پەیوەست بە دەرمان و چارەسەری پزیشکی، نەخۆشییەکە چارەسەری تەواوەتیی نییە، بەڵکو لەڕێگەی دەرمانی تایبەتمەندەوە کار بۆ رێگریکردن لە وەرینی زیاتری مووەکانی جەستە دەکرێت.
31/08/2024