لەکەرکوک بەهۆى کەوتنەوەى ئاگرەوە سێ منداڵ گیانیانلەدەستدا
بەهۆى ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێکدا لەکەرکوک سێ منداڵ گیانیانلەدەستدا و تیمەکانى بەرگریى شارستانیی کەرکوک دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووە.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ، لە گەڕەکى پەنجا عەلى کە زۆرینەى دانیشتوانى ئەم گەڕەکە کوردن، ئاگر لە ماڵى هاوڵاتییەکى عەرەب کەوتەوە، بەهۆیەوە سێ منداڵى ئەو خێزانە بە دووکەڵى ئاگرەکە خنکان و گیانیانلەدەستدا.
شایەتحاڵێکى رووداوەکە بە پەیامنێرى کەناڵ8ـى راگەیاند، دایک و باوکى منداڵەکان هەردووکیان فەرمانبەرن و لەسەر کاربوون، ئاگر لەماڵەکە کەوتووەتەوە کاتێک چوونەتە ناو ماڵەکەوە بینیوویانە هەرسێ منداڵەکەیان خنکاون.
دەشڵێن، کاتێک دایکى منداڵەکان گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە و بینیویەتى ئاگر لە ماڵەکەى کەوتووەتەوە، هاوارى لە دراوسێکانیان کردووە، کە فریاى بکەون و منداڵەکانى رزگاربکەن، بەڵام کاتێک دراوسێکانیان بەدەمییانەوە دەچن، دەبینن هەرسێ منداڵەکە خنکاون.
زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە، شۆرتى کارەبا بووە، لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامیان هەیە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، تەمەنى سێ منداڵەکە، 13 ساڵ و 8 ساڵ و 3 سێ ساڵ بوون، کە دوو کچ و کوڕێک بوون.
31/08/2024