شێرپەنجەی پڕۆستات چییە و تووشی کێ دەبێت؟

پڕۆستات ڕژێنێکە کەوتۆتە ژێر میزەڵدانی پیاوانەوە و چواردەوری رێڕەوی میزی گرتووە. بەرپرسە لە دەردانی شلەیەک کە پەیوەستە بە بەرداری (توانای وەچەخستنەوە) لە پیاواندا. شێرپەنجەی پڕۆستات بەگشتی جۆرێکی مەترسیداری شێرپەنجە نییە، چونکە زۆرینەی خەڵکی لە قۆناغێکدا نەخۆشییەکەیان دیاری دەکرێت کە هێشتا هیوای چارەسەریان هەیە.

نیشانەکانی چین؟

ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لە سەرەتادا رەنگە هیچ نیشانەیەکی نەبێت. لە سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکاندا، دەکرێت نەخۆشییەکە لە قۆناغێکی هەستیاردا بێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە کەسێک نیشانەکانی هەبوو، مەترسی گەورە لەسەر ژیانی هەیە و ئیدی چارەسەر ناکرێت. نیشانەکانی ئەم شێرپەنجەیە بریتیین لە:

  • زۆر میزکردن
  • کەسەکە ناتوانێت میز زۆر ڕابگرێت
  • میزی پچڕپچڕ
  • بوونی ئازار لە کاتی میزکردندا
  • میزەچرکە
  • لەدەستدانی توانای ڕاگرتنی پیسایی
  • بوونی خوێن لەناو تۆو یاخوود میزدا
  • بوونی ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت، ناوچەی حەوز یاخود سنگدا

ئەگەر کەسێک ئەم نیشانانەی هەبوو، ڕاستەوخۆ بەو مانایە نایەت توشی شێرپەنجەی پڕۆستات بووە. دەکرێت هەمان ئەم نیشانانە لە چەند نەخۆشییەکی دیکەدا دەربکەوون.

کێ تووش دەبێت؟

کۆمەڵێک هۆکار هەن مەترسیی توشبوون بەم شێرپەنجەیە زیاد دەکەن؛ لەوانە:

  • تەمەن: کەسانی تەمەن 50 ساڵ و بەرەوژوور ئەگەری توشبوونیان بەم نەخۆشییە زیاترە
  • مێژووی خێزانی: بوونی ئەندامێکی تر لە خێزانەکەدا کە شێرپەنجەی پڕۆستاتی هەبووە
  • جگەرەکێشان
  • نەخۆشیی هەوکردنی پڕۆستات
  • قەڵەوی
  • نەخۆشییە بەسێکس گوازراوەکان

دەتوانین ڕێگری لێ بکەین؟

هەرچەندە ڕێگری لەم نەخۆشییە ناکرێت، بەڵام کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا دەکرێ مەترسیی توشبوون کەمبکاتەوە، وەکوو:

  • خۆراکی تەندروست: توێژینەوەکان دەریانخستووە کە دەکرێت پەیوەندی هەبێت لەنێوان شێرپەنجەی پڕۆستات و خۆراکدا
  • دابەزاندنی کێش: قەڵەوی یەکێکە لەو هۆکارانەی مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکە زیاتر دەکات
  • وەرزشکردن؛ لانی کەم ڕۆژانە 20 خولەک، یاخوود هەفتانە 150 خولەک
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان

هیچ پشکنینێکی پێشوەختە هەیە بۆ شێرپەنجەی پڕۆستات؟

بەڵێ، پزیشکانی پسپۆڕی گورچیلە و میزەڕۆ دەتوانن دوو پشکنین بکەن، کە تا ئاستێکی زۆر دەتوانێت شێرپەنجەی پڕۆستات دیاری بکات. گرنگە کەسانی نێوان 50 بۆ 69 ساڵ ماوەماوە سەردانی پزیشکی تایبەت بکەن بۆ ئەنجامدانی پشکنین.

ئایا ئەم شێرپەنجەیە چارەسەری هەیە؟

بەڵێ. ئەگەر نەخۆشییەکە لە قۆناخێکی زوودا دیاری بکرێت، ئەوا دەکرێت بەتەواوی بنبڕبکرێت. گەر نەخۆشییەکە لە قۆناغێکی پێشکەوتوودا دەستنیشان بکرێت، ئەگەری چارەسەری تەواوەتی کەمتر دەبێتەوە.