مامۆستایانى ئایینى خۆبەخش مینحەى وەزارەتى ئەوقاف رەتدەکەنەوە
مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش لە هەرێمى کوردستان، مینحەى وەزارەتى ئەوقاف رەتدەکەنەوە و داوا دەکەن بەهەمیشەیی دابمەزرێندرێن، یاخود بکرێنە گرێبەست.
دەستەى نوێنەرانى مامۆستایانی ئایینی خۆبەخشی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، وەزیری ئەوقاف بە ئامادەبوونی 300 مامۆستای ئایینی خۆبەخش رایگەیاندووە، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان گوتویەتی، ئەگەر یەک مامۆستای وانەبێژ بوو بە گرێبەست، مامۆستایانی ئایینیش گرێبەستیان بۆ دەکرێت.
مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش لە هەرێمى کوردستان، ژمارەیان نزیکەى هەزار و 400 مامۆستایە و لە راگەیەندراوەکەیاندا ژمارەیەک داواکارییان خستووەتەڕوو و جگە لە رەتکردنەوەى ئەو مینحەیەى وەزارەتى ئەوقاف، داوا دەکەن بکرێن بە هەمیشەیی یاخود گرێبەست.
ئەو مامۆستایانە داواش دەکەن، ئەو تاقیکردنەوەیەى ساڵانە وەزارەتى ئەوقاف دایناوە لاببرێت، لەبەرئەوەى بەهۆى ئەو تاقیکردنەوەیە ستەمێکى زۆر لە مامۆستایانى ئاینیى دەکرێت و بڕوانامە بکرێتە پێوەر نەک تاقیکردنەوە.
مامۆستایانى ئایینى خۆبەش داواشدەکەن، دامەزراندنیان لەسەر فەرمانى وەزارى نەبێت، چونکە بەشێکى زۆرى مامۆستایانى ئایینى خۆبەش فەرمانى وەزاریان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانى خزمەت بۆ ئەو مامۆستایانە هەژمار بکرێت کە ساڵانێکى زۆرە خۆبەخشن.
وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى حکومەتى هەرێمى کوردستان، رۆژى 29ى ئابى 2024، رایگەیاند، مانگانە و تاوەکو کۆتایی ساڵى 2024 لەسەر بودجەى وەزارەتەکەیان، مینحەیەک دەدرێتە مامۆستایانی ئاینیی خۆبەخش، کەھیچ داھاتی دیکەیان نییە.
31/08/2024