نەخۆشى فۆبیای نەبوونی مۆبایل چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟

هەرگیز کەوتویتەتە بارودۆخێکەوە، هەست بکەیت مۆبایلەکەت پێ نییە و توشی دڵەڕاوکێ بووبیت؟ یاخود ناتوانیت بیر لەوە بکەیتەوە، رۆژێک بەبێ مۆبایلەکەت بەسەر ببەیت؟ ئەگەر وەڵامەکانت بەڵێیە، پێدەچێت هەندێک نیشانەی نەومۆفۆبیات هەبێت.

مۆبایل، بووەتە بەشێکی هەمیشەیی لە ژیانی مۆدێرن، نەوەک تەنیا بۆ پەیوەندیکردن، بەڵکو وەکو ئامرازێکی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، رێکخستنی کاروباری کەسی، ئامێری بازاڕکردنی ئۆنڵاین، ڕۆژژمێر، زەنگی کاتژمێر و بانکیش بەکاردەهێندرێت.

نەومۆفۆبیا (Nomophobia)، کورتکراوەی (No Mobile Phone Phobia)، واتا فۆبیای نەبوونی مۆبایل.

فۆبیا، جۆرێکە لە دڵەڕاوکێ،  کاتێک بیر لەوە دەکەیتەوە کە لێی دەترسیت، کاردانەوەیەکی گەورەی ترس دروست دەبێت، هاوکات نیشانەی دەروونی و جەستەیشیی هەیە.

نەومۆفۆبیا، هێشتا بە فەرمی وەکو حاڵەتێکی تەندروستی دەروونی پۆڵێن ناکرێت، بەڵام هەندێک لە پسپۆڕان، پێیانوایە پشتبەستن بە ئامێرە دیجیتاڵییەکان، لەوانەیە جۆرێک بێت لە ئالودەبوون.

نەومۆفۆبیا، زاراوەیەکی نوێیە، بۆ یەکەم جار لە توێژینەوەیەک لە ساڵی 2008، کە لەلایەن نووسینگەی پۆستەی بەریتانیاوە ئەنجامدرابوو بەکارهێنرا.

توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە 2،100 کەسی پێگەیشتوو ئەنجامدرا، دەرکەوت 53%ی بەشداربووان تووشی نەومۆفۆبیا بوون.

مەرج نییە تەنیا بە لەدەستدانی مۆبایل ئەم حاڵەتە دروستببێت، بەڵکو نەمانی بارگەی مۆبایلەکە و نەبوونی پەیوەندیش، دەکرێت هەمان کاریگەرییان هەبێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی پزیشکی healthline، نەومۆفۆبیا نیشانەی فیزیکی و دەروونی هەیە.

نیشانە فیزیکییەکان وەکو فشار لەسەر سنگ، کێشە لە هەناسەدان، لەرزین، ئارەقکردنەوە، هەستکردن بە لاوازی و سەرگێژخواردن و لێدانی خێرای دڵ.

نیشانە دەروونیەکانیش، ترس، دڵەڕاوکێ، فشار و تۆقینە لە نەبوونی مۆبایل و دەستڕانەگەیشتن بە زانیارییەکانی ناو مۆبایلەکەت.

پسپۆڕان تاوەکو ئێستا، هۆکاری روونی توشبوون بە نەومۆفۆبیایان دیارینەکردووە، بەڵام دەڵێن لەوانەیە هەستکردن بە دابڕان، دەستنەگەیشتن بە زانیاری و نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکە، هەندێک بن لە هۆکارەکان.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان نەومۆفۆبیا زیاتر لەناو گەنجاندا باوە و زۆرینەیان هەندێک نیشانەی نەومۆفۆبیایان هەیە.

پسپۆڕان دەڵێن، ئەگەر بە بەردەوامی مۆبایلەکەت بەکاربهێنیت، ساتێکی کورت ترست هەبێت لە نەدۆزینەوەی، واتای ئەوە نییە تۆ نەومۆفۆبیات هەیە.

بەڵام زۆر نیگەران بوون لە بەکارنەهێنانی مۆبایلەکەت، کە ببێتە هۆی تێکدانی چالاکییەکانی رۆژانەت، لەم حاڵەتەدا، دەبێت سەردانی پزیشکی دەروونی بکەیت و چارەسەر وەربگریت.