تۆڵکن.. نووسەری تاریکی و پادشای ئەنگوستیلەکان
جۆن ڕۆناڵد ڕوێڵ تۆڵکن، یەکێکە لە دیارترین و ناسراوترین ڕۆماننووسەکانی جیهان، دروستکەری یەکێک لە گەورەترین جیهانە خەیاڵییەکانە، کە بە زەوی ناوەڕاست دەناسرێت.
تۆڵکن ڕێکەوتی سێی کانوونی دووەمی 1892 لە ئەفریقای باشوور لە خێزانێکی ئینگلیزی لەدایکبووە، بەدرێژایی ژیانی وەکو کەسایەتییەکی ئەکادیمی خوێندوویەتی و کاری کردووە، ئێستا بە یەکێک لە ناسراوترین ڕۆماننووس و چیرۆک گێڕەرەوەکانی جیهان دادەنرێت.

جیهانی زەوی ناوەڕاست، کە جیهانی چیرۆکی پادشای ئەنگوستیلەکانە، لەسەر دەستی تۆڵکن دروستکراوە، هاوتای گێڕانەوەی چیرۆکی هۆبیتەکان و تێکڕای بەرهەمەکانی لەچوارچێوەی زنجیرە ڕۆماندا بڵاوکردووەتەوە.
لە ئاستی خوێندنی ئەکادیمییدا، تۆڵکن گرنگیی بە زمانی ئینگلیزیی کۆن و ناوەڕاست داوە، هاوتای ئەفسانەناسیی ئەورووپی و تێکڕای زانینەکانی لە سایەی جیهانە خەیاڵییەکاندا کۆکردووەتەوە و توانیویەتی زمانێکی تایبەت دروستبکات بەناوی زمانی ئێڵڤی.

بەشێوەیەکی سەرەکی، تۆڵکن لە سایەی نووسینی ئەدەبیی خۆیدا، تەنیا بۆ چێژ کارەکانی نووسیوە، لە سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە چیرۆکەکانی تایبەت کردووە بە منداڵان و زنجیرەی هۆبیتی بۆ منداڵ نووسیوەتەوە، کە ساڵی 1937 بڵاوبووەتەوە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکردووە.
پاش تێپەڕینی 17 ساڵ، تۆڵکن بیرۆکەی دروستکردنی جیهانی پادشای ئەنگوستیلەکانی بۆ دروستبووە و ساڵی 1954 بە سێ بەشی جیاواز بڵاویکردووەتەوە، جیهانی ئەم ڕۆمانە، تاریکترە و تایبەتە بە خوێنەرە پێگەیشتووەکان.
ئێستا زنجیرە ڕۆمانی پادشای ئەنگوستیلەکان، یەکێکە لە باشترین و پڕفرۆشترین زنجیرە ڕۆمانەکانی مێژوو، زیاتر لە 150 دانەی لێفرۆشراوە و لەسەر دەستی گەورە دەرهێنەر پیتەر جاکسۆن کراوە بە فیلم و توانیویەتی ببێت بە براوەی 17 خەڵاتی ئۆسکار.
ڕێکەوتی دووی ئەیلوولی 1973، تۆڵکن لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و هەگبەیەکی دەوڵەمەندی پڕ لە جیهانە خەیاڵییەکانی بۆ هەوادارانی جێهێشتووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا