خانەنشینیى سلێمانى بۆ كەناڵ8: بۆ مانگی تەمموز هاوتاكردنی مووچە خانەنشینی پێشمەرگە ناگرێتەوە
بەڕێوەبەرى خانەنشینیى سلێمانى بۆ کەناڵ8 رایگەیاند، "هاوتاکردنى مووچە خانەنشینانى وەزارەتى پێشمەرگە بۆ مانگى تەمموز ناگرێتەوە، سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ مانگی ئاب هاوتاکردنەکە دەیانگرێتەوە".
ژیان سابیر، بەڕێوەبەری خانەنشینیى سلێمانى بە كەناڵ8ـی گوت، "بەگوێرەى ئەو رێنماییانەى لە وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانى خانەنشین هاتوون، مووچەى خانەنشینانى پێشمەرگە بۆ مانگى تەمموز بەبێ هاوتاکراوى دەدرێت، وەکو مانگەکانى پێشوو مووچە وەردەگرن".
گوتیشى، "هەریەک لە خانەنشینانى مەدەنى و خانەنشینانى سەربە وەزارەتى ناوخۆ، مووچەکانیان بە هاوتاکراوى بۆ مانگى تەمموز وەردەگرن".
دەربارەى هاوتانەکردنى مووچەى ئەو خانەنشینانەى پێشمەرگە بۆ مانگى تەمموز، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ کەناڵ8 گوتى، "تەنیا پەیوەندى بە یەکنەخستنى لیستى مووچەى خانەنشینانى پێشمەرگەوە هەیە".
بەگوتەی هەمان سەرچاوە، یەكخستنی لیستی مووچە لەم مانگەدا تەواو دەکرێت و بۆ مانگى ئاب بە هاوتاکراوى مووچەى خانەنشینان دابەش دەکرێت، چونکە بڕیارەکەى بەغداد خانەنشینانى پێشمەرگەش دەگرێتەوە".
02/09/2024