رێکخراوی CPTـی ئەمریکی: شەوی رابردوو تورکیا 24 بۆردوومانی هەرێمی کوردستانی کردووە

فۆتۆیەكی ئەرشیفیی بۆردوومانی توركیا لە بناری قەندیل
فۆتۆیەكی ئەرشیفیی بۆردوومانی توركیا لە بناری قەندیل

رێکخراوی CPTـی ئەمریکی ئاشکرایدەکات، شەوی رابردوو تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە 24 جار بۆردوومانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانیی عێراقیی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، شەوی رابردوو سوپای تورکیا بە شێوەیەکی زنجیرەیی و لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە، 24 جار بۆردوومانی هەرێمی کوردستانی کردووە کە بۆردوومانەکان بۆسەر ئەم ناوچانە بوون:

دامێنی گرێ بەهار و پشتی گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی.

چیای حەوت تەبەق، گوندەکانی کەفنە مژێ، سپیندارێ و گیرگاشێ لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی.

چیای کتکین و خواکوڕک لە قەزای سیدەکان.

چیای کۆخە و شاخی تاڵە لە سنوری قەزای چۆمان.

دەورووبەری گوندی قەڵاتوکان لە سنوری قەزای پشدەر.

هەواری رەوەندەکانی گوندی کوێرەکانی و چیای ئاسۆس لە سنوری قەزای ماوەت.

بەگوتەی کامەران عوسمان، لە هێرشەکانی شەوی رابردووی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان، هیچ هاونیشتمانییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی.

لەماوەی رابردوودا سوپای توركیا ژمارەیەكی زۆر سەرباز و چەكی هێناوەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و چەندین بنكە و خاڵی پشكنینی داناوە، سنوورى ناوچەکانى قەزاى ئامێدى لە پارێزگاى دهۆک، ماوەت و پێنجوێن لە پارێزگاى سلێمانى، زۆرترین بۆردوومانیان لەسەرە.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوى CPTـی ئەمریکی، ئەمساڵ بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە نۆ هاونیشتمانیی گیانیانلەدەستداوە، کە پێنجیان لە چیای گارەبوون لە ئامێدی، سێ لە سنووری سیدەکان و یەک هاونیشتمانییش لە سلێمانی بووە، هاوکات دوو هاونیشتمانیش لەمساڵدا بەهۆی بۆردوومانەکانەوە برینداربوون.