مەسرور بارزانی: پێویستە بەغداد تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی 7 و 8 بەپەلە رەوانە بکات
سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت، پێویستە بەغداد تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی 7 و 8 بەپەلە رەوانە بکات، تاوەکو بتوانن لە نزیکترین دەرفەتدا مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان خەرجبکەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سەرپەرشتى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى کردووە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەى چەند تەوەرێک کراوە، لەوانەش پیرۆزباییان لە وانەبێژان کردووە کە بڕیاردراوە لەسەر داهاتى ناوخۆ بکرێنە گرێبەست، هەروەها پیرۆزبایى لە خانەنشینانى هەرێمى کوردستان کراوە بۆ هاوتاکردنى مووچەکانیان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ.
روونیشیکردووەتەوە، هەرلە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردن کراوە کە لەم مانگەدا دەستپێدەکات، لەو رووەوە دووپاتیانکردەوە کە لایەنە سیاسیەکان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو و رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چۆن بانگەشە بکەن، بەڵام داوایان لێدەکات بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن.
سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەشکردووە، لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمى کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆتایی حەفتەی رابردوو لە بەغداد کراوە، هاوکات ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی راسپارد بەردەوامبن لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردوولا و تەواوکردنی تۆماری بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی وەزیفی بەهەموو مووچەخۆران و پەلەکردن لە چالاککردنی بە ئەليکترۆنیکردنی سیستمی پێدانی مووچە.
مەسرور بارزانى جەختى لەوەشکردووەتەوە، لەبەرامبەردا پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی فيدراڵ تەواوکاریی مووچەی مانگی تەمموز و ئابی 2024 بەپەلە رەوانە بکەن، تاوەکو حکومەتی هەرێم بتوانێت لە نزیکترین دەرفەتدا مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئابن.
04/09/2024